شارەزایەکی کەشناسی، هۆشداری لەدۆخی کەشوهەوای سبەی چوارشەممە دەدات و ڕایدەگەیەنێت "پەنجەرەکانتان دابخەن، ئۆتۆمبێلەکانتان لەشوێنی سەلامەت ڕاگرن ئەوانە نەخۆشی ڕەبۆ و حەساسیەیان هەیە لەماڵ مەچنە دەرەوە هەتا بۆتان دەکرێت سبەی سەفەرمەکەن چونکە مەودای بینین زۆرکەم دەبێتەوە بۆ (150 - 300)مەتر باشترە شۆفێران لەحاڵەتی خۆڵبارینی خێرایی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکانیان کەمبکەنەوە فڵاش یاخود لایتی بەرزبەکاربهێنن".
ئاوێنە: هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند "پێشبینی دەکرێت لەسبەینێوه کە دەکاتە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (28-5-2025) لەئەنجامی دووبارە ئاکتیڤ بوونەوەی خێرایی بای باکووری خۆرئاوا شەپۆلێکی تری خۆڵبارین بۆهەندێ شوین لاواز بۆهەندێ شوینی تر مامناوەند بۆ چڕ تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرێتەوە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو: "گەردەلوولی خۆڵبارین ڕوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات لەبەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەوە سەرەتا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراقەوە دەستپێدکات لەکاتەکانی نێوەڕۆ بەدواوە بۆ ئێواره کاریگەری دەگاته ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و کاریگەری شەپۆلەکە بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێت لەبەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی خێرایی با لەنێوان ( 40 - 50 )کیلۆمەتر دەبێت لەکاتژمێرێکدا لەناوچەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین و سۆران خێرایی با (50 - 60)کیلۆمەتر تێپەڕدەکات .لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو دوو ئیدارەیە لەهەندێ کات (70-80) کیلۆمەتر تێپەڕدەکات لەکاتژمێرێکدا ."