هۆزه‌كه‌ى سه‌دام به‌شداریى له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق دەکات
  2025-05-27       470       

هۆزى ئه‌لبوناسر له‌ تكریت كه‌ هۆزى سه‌دام حوسێنه‌، تاوتوێى به‌شداربوونى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن و هێشتا بڕیارى كۆتاییان نه‌داوه‌. گروپی عه‌سائیبى ئەهلی حەق خۆیان له‌و هۆزه‌ نزیك ده‌كه‌نه‌وه‌ و قه‌یس خه‌زعه‌لى سكرتێر عەسائیب له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كانى ئه‌و هۆزه‌ كۆ بووه‌ته‌وه‌.

ئاوێنە: ئه‌مڕۆ سێشه‌ممە 27ى ئایار، رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ به‌شداربوونى هۆزى ئه‌لبوناسر ده‌كات له‌ هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى عێراق. له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوودا قه‌یس خه‌زعه‌لى سكرتێرى  عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق، كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانى هۆزى ئه‌لبوناسر كردووه‌. ئه‌مه‌ش ده‌نگۆى ئه‌وه‌ى ناوه‌ته‌وه‌ كه‌ هۆزه‌كه‌ به‌ نیازن له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانى "سادقون" به‌شداریى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن كه‌ باڵى سیاسى عه‌سائیبه‌.

كه‌چى مه‌روان جه‌باره‌ له‌ هۆزه‌كه‌، له‌ لێدوانێكى بۆ شه‌رق ئه‌وسه‌ت ئه‌مه‌ى ره‌ت كردووه‌ته‌وه‌ و دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكى شیعه‌ به‌شداریى هه‌ڵبژاردن ناكه‌ن، به‌ڵكو زیاتر ده‌یانه‌وێ هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى سه‌ڵاحه‌دین بكه‌ن.

 هاوكات راگه‌یه‌نراوێكیش به‌ ناوى هۆزه‌كانى تكریت بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، وێڕاى ره‌تكردنه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ شیعه‌كان، دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ هێشتا بڕیاریان نه‌داوه‌. مه‌روان جه‌باره‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌، هۆزه‌كه‌یان ده‌یه‌وێ تێكه‌ڵى رووداوه‌كانى عێراق ببێته‌وه‌، بێ بابه‌تى سه‌دام، چونكه‌ بیر له‌ ئاینده‌ى ناوچه‌كه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

وه‌ك له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ى بۆ كراوه‌، هۆزه‌كه‌ى سه‌دام ته‌نیا ده‌یانه‌وێ له‌ ناوخۆى تكریت به‌شدارى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و بۆ ئه‌مه‌ش ده‌یانه‌وێ كاندیدێك یان دووانیان هه‌بێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×