بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕایدەگەیەنێت، سووربوونی دیمەشق لەسەر شێوازی حوکمی مەرکەزی، وڵاتەکە ڕووبەڕووی شەڕێکی ناوخۆیی دەکاتەوە.
ئاوێنە: ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە کۆنفرانسی یۆنان، کە بە ناونیشانی 'دۆزی کورد و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست' بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند "ئەگەر هەیە سووریا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەتر ببێتەوە؛ دەسەڵاتدارانی سووریا بە تاکلایانانە بڕیارەکان دەدەن و هەماهەنگی لەگەڵ گەل ناکەن و ئیرادەی خەڵکیان پشتگوێ خستووە."
ئیلهام ئەحمەد، ڕاشیگەیاند، ئەگەر حکوومەتی سووریا لەسەر شێوازی حوکمی مەرکەزیی سوور بێت، وڵات ڕووبەڕووی شەڕێکی گەورەی ناخۆیی دەبێتەوە. گوتیشی: دەبێت، سیستەمێکی دیموکراتیی فراوان هەبێت و سەرجەم پێکهاتەکان کۆ بکاتەوە.
پێشتر ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا، ڕۆژی چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، ڕایگەیاند: یەکڕێزی و قوربانیدانی سوورییەکان کاریگەری لەسەر بیروڕای جیهان هەبووە.
ئەحمەد شەرع گوتیشی: ڕێگەنادەین سووریا دابەش ببێت و چیتر سووریا نابێتە گۆڕەپانی دابەشکردنی دەسەڵات. باسی لەوەش کرد، ڕێگە بە ژیانەوەی گێڕانەوەکانی ڕژێمی پێشوو نادەین، سووریا بۆ هەموو سوورییەکانە.