هەڵمەتی”سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” ڕایگەیاند، لەم مانگەدا ١٧٠ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون، دەشڵێن، پرۆسەی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە لە دەزگا ئەمنییەکانی ئێراندا نییە.
ئاوێنە: هەڵمەتی”سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” لە هەفتەی ٧٠ هەمین هەڵمەتی خۆیدا دژ بە سزای لەسێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تیایدا هاتووە، ژمارەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە بەرزبوونەوەدایە و لەم مانگەدا ژمارەی لەسێدارەدان گەیشتووەتە ١٧٠ کەس، بە جۆرێك نۆ کاتژمێر جارێک دوو زیندانی لەسێدارە دەدرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەموو لەسێدارەدانێک لەلایەن ڕژێمی ئێران لایەنی سیاسیی هەیە و هەروەها پرۆسەی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە لە دەزگا دادوەری و ئەمنییەکانی ئێراندا نییە.
باس لەوەشکراوە، داوا لە هەموو داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ دەکەین پاڵپشتی لە زیندانیان بكەن.
جێگای ئاماژەیە، هەڵمەتی“سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” لە ٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ وەک ناڕەزایەتییەک دژی لەسێدارەدانی دەستبەسەرکراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دامەزرا، کە هەموو ڕۆژانی سێشەممەیەك ئەندامانی هەڵمەتەکە دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن.