ورده‌كاریى گه‌یشتنى پاره‌كه‌ى به‌غدا
  2023-09-20       854       

به‌گوێره‌ى زانیارى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم، قه‌رزه‌كه‌ى به‌غدا سه‌ره‌تا هه‌فته‌ى داهاتوو ده‌گات‌و به‌دوو قۆناغیش ده‌گاته‌ ده‌ستى وه‌زاره‌تى دارایی، ده‌شڵێت، "هه‌ركات گه‌یشت ده‌ست به‌دابه‌شكردنى موچه‌ ده‌كرێت".

ئاوێنە: به‌گوێره‌ى زانیاریه‌كان، بڕیار وایه‌ لەسەرەتای هەفتەی داهاتودا بڕی 700 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەدوو قۆناغ ڕەوانە بكرێت‌و لەگەڵ گەیشتنی دەست بەدابەشکردنی موچە دەکرێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌میدیاى نزیك له‌پارتى وتوه‌، "بریاروایە هەتا یەکشەممەى داهاتوو بەدوو قۆناغ بڕی 700 ملیار دیناری قەرز لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت‌و لەگەڵ گەیشتنی پارەکەش بەزوترینکات موچە دابەشدەکرێت".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ڕۆژى 17ى ئه‌م مانگه‌ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا به‌ناردنی موچەی سێ مانگی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار دیاریکراوە، کۆی گشتی دەکاتە دوو ترلیۆن‌و 100 ملیار دینار، بەڵام لەقۆناغی یەکەمدا 700 ملیار دینار لەڕێگەی هەردوو بانکی ڕەشید‌و ڕافیدەین لقی هەولێر، وەک قەرز ڕادەستی وەزارەتی دارایی هەرێم دەکرێت.

دواتر ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایی حكومه‌تى هه‌رێم ئاشكرایكرد، سەبارەت بەو 700 ملیار دینارەی کە بڕیارە وەک قەرز لەلایەن حکومەتی ناوەندیی عێراقەوە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ موچەی مانگی تەمموز (مانگى 7)ى فه‌رمانبه‌ران تەرخاندەکرێت.

 ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ فه‌رمانبه‌ران‌و مامۆستایان له‌شاره‌كانى خواروو ناوه‌ڕاست موچه‌ى مانگى 9ى 2023 وه‌رده‌گرن، به‌ڵام له‌هه‌رێمى كوردستان ته‌نها موچه‌ى مانگى 6یان وه‌رگرتوه‌و تائێستاش دیارنییه‌ موچه‌ى مانگى 7 كه‌ى دابه‌شده‌كرێت، له‌كاتێكدا مانگى 9ش ته‌نها 10 ڕۆژى ماوه‌.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×