دوای ئەوەی دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی توركیا بانگەشەی ئەوەی كرد كە لەكاتی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی عەربەتدا، "ئەندامانی دژەتیرۆری یەكێتی لەگەڵ ئەندامانی پەكەكەو یەپەگە مەشق و راهێنانیان كردوە." قوباد تاڵەبانی ئەو پاساوەی توركیا بەتوندی رەتدەكاتەوەو دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک جگە لە هێزی دژە تیرۆر هیچ هێزێکی دیکە لە فڕۆکەخانەكە نەبوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە هەولێر پێشوازیکرد لە تۆرکیڵد بیگ، نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا روداوی هێرشکردنەسەر هێزەکانی دژەتیرۆر لە فڕۆکەخانەی عەربەت تاوتوێ کرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا، نوێنەری یەکێتی ئەوروپا بەتوندی ئیدانەی بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی عەربەتی کردو هیوای خواست جارێکی دیکە روداوی لەو شێوەیە دوبارە نەبێتەوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، جێگری سەرۆک وەزیران لەمبارەیەوە رایگەیاند، ئەم روداوە پێشهاتێکی مەترسیدارەو تیایدا هێزێکی فەرمی عێراقی و کوردستانی کراوەتە ئامانج کە هێزی دژەتیرۆری کوردستانەو بۆ هەمولایەکیش ئاشكرایە کە ئەو هێزە لەسەرەتای دامەزراندنییەوە بەدرێژایی دو دەیە هاوکارو هاوپەیمانی سەرەکی هێزەکانی هاوپەیمانان بوە لە شەڕی دژەتیرۆردا.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "قوباد تاڵەبانی بەتوندی پاساوی لایەنی هێرشبەری رەتکردەوەو رایگەیاند، شەهیدەکان و بریندارەکانی روداوەکە هەمویان پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان و ئەندامی هێزەکانی دژەتیرۆر بون و بەهیچ شێوەیەک جگە لە هێزی دژە تیرۆر هیچ هێزێکی دیکە لە فڕۆکەخانە نەبوە."
جێگری سەرۆک وەزیران داواشیکرد "حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان و یەکێتی ئەوروپا بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و رێگریکردن لە دوبارەبونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە هەنگاوی کردەیی بنێن و سنورێک بۆ ئەو هێرشە سەربازییانە دابنێن کە دەکرێنەسەر خاکی هەرێم و عێراق."