تەلار لەتیف وتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی رایگەیاند، بەمەبەستی هەڵبژادنی ئەندامانی كۆنگرە، سبەی پێنجشەممە کۆنفرانسی مەکتەب و مەڵبەندەکان و سەرجەم ئۆرگانەكانی حزبەكە بەڕێوەدەچێت.
ئاوێنە، تەلار لەتیف وتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی لە لێدوانێکیدا بۆ سایتی رەسمی کۆنگرە رایگەیاند، ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی کۆنفرانسی مەڵبەند و مەکتەبەکان گەیشتۆتە کۆتایی و سبەی پێنجشەممە، بەڕێوەدەچێت.
بەپێی قسەی تەلار لەتیف، پڕۆسەكە سبەی سەعات 8ی سەرلەبەیانی دەستپێدەكات بۆ 4ی پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ بەردەوام دەبێت.
لەدو رۆژی رابردودا لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانی بەستنی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی، لیژنەی دەزگای هەڵبژاردن لە مەكتەب و مەڵبەندەكان دەستبەكاربون بەمەبەستی كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ئەو كاندیدانەی كە دەیانەوێت بەشداری كۆنگرە بكەن.
بڕیارە رۆژی 27ی ئهم مانگه كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی لە سلێمانی بەبەشداری 600 ئەندام بەڕێوەبچێت.