ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەكەیان لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەو بانكانە ئاشكرادەكات كە بڕیارە قەرز بدەنە هەرێمی كوردستان بۆ موچە. دەشڵێت: لە کۆبونەوەکەدا بانکەکان ئاماژەیان بەوەدا "پێدانی ئەو قەرزە پێویستی بە چەند رێکارێکی کارگێڕی هەیە کە لە چەند رۆژی داهاتودا تەواو دەکرێت."
ئاوێنە: د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"ئەمڕۆ چوارشەممە، لە چوارچێوەی بەدواداچونەکانی لیژنەی دارایی بۆ پرسی موچەی فەرمانبەران و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی، لیژنەی بەدواداچونی کاری بانکەکان لە لیژنەی دارایی میوانداری بەڕێوەبەری بانکەکانی (رەشید، رافیدەین و تی بی ئای) کرد بۆ پرسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێدانی 700 ملیاری دیناری مانگانە بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی 9، 10 و 11."
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستۆتەڕو"لە کۆبونەوەکەدت بانکەکان ئاماژەیاندا بەوەی پێدانی ئەو قەرزە پێویستی بە چەند رێکارێکی کارگێڕی هەیە کە لە چەند رۆژی داهاتودا تەواو دەکرێن."
د. نەرمین مەعروف وتوشیەتی"سەبارەت بەوەی ئایا ئەو قەرزە سودی لەسەرە یان نا؟ لەوەڵامدا وتیان ئەمە دەسەڵاتی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکەکانەو هێشتا بڕیاریان لێ نەداوە، بەڵام لە بارمتەی ئەو قەرزە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ئەسپاردەیەکی هاوتای قەرزەکە لەو بانکانە دادەنێت تا کاتی گێڕانەوەی بڕی قەرزەکە لە پاکتاوی دارایی پشکی هەرێم لە بودجەی ئەمساڵ یان ساڵی داهاتو."