مەسرور بارزانی داوا دەكات رێگری لە هەوڵەكانی نەكرێ لە دانانی وەزیرێك بۆ وەزارەتی پێشمەرگە
  2023-09-21       826       

مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، رایگەیاند، "پێویستە ڕێگری لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران نەکرێت لە دانانی وەزیرێک (بۆ وەزارەتی پێشمەرگە) کە توانای جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی هەبێت."

ئاوێنە: ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ جەنەراڵ جۆول ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریاو وەفدێكی یاوەری کرد.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، له کۆبونەوەکەدا کە مارک سترۆ، کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بو، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و سوریا تاوتوێ کران.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، تەوەرێکی سەرەکی کۆبونەوەکە، تایبەت بو بە گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆسه‌ی چاکسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و هەنگاوەکانی یه‌کخستنه‌وه‌ی هێزەکانی پێشمه‌رگه‌و ڕێکخستنەوەی پێکهاتەکانی. له‌مباره‌یه‌وه سەرۆک وەزیران جەختی لە "گرنگیی بەردەوامبون و خێراکردنی پرۆسەکە و پابەندبون بە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم لە بواری ڕێکخستن و یەکخستنی پێشمەرگەو دورخستنەوەی وەزارەت لە هەر دەستوەردانێکی حزبی و بەرژەوەندییەکی کەسیی کردەوە."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، مەسرور بارزانی "ئاماژەی بەو دەنگۆیانە دا کە گوایە کێشە لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە"و وتی "پێویستە دەستوەردانی شەخسی و حزبی لە وەزارەت دوربخرێتەوەو ڕێگری لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران نەکرێت لە دانانی وەزیرێک کە توانای جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی هەبێت."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ وەفدێكی سەربازیی ئەڵمانیا، رایگەیاند، بەهۆی نەبونی وەزیری پێشمەرگەوە هەنگاوەكانی چاكسازی وەك پێویست جێبەجێ ناكرێن. وتیشی، كاندیدی خۆمان بۆ وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت دەستنیشان كردوە، هیوادارین بەزوترین كات رێوشوێنە یاساییەكانی دەستبەركاربونی كۆتاییان پێ بێت.

بەگوێرەی زانیارییەكان ماوەی چەند رۆژێكە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، بڕیاریداوە بە دانانی دارا رەشید، وەزیری پلاندانان وەكو وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت بەڵام تاوەكو ئێستا بڕیارەكەی كاری پێنەكراوە بەهۆی ناڕازیبونی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیران لەسەر دانانی دارا رەشید.

هەر بەپێی زانیارییەكان مەسرور بارزانی داوایكردوە حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت كاندید بكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×