وێنەی دەنیز جەودەت، بەپرسی ئۆفیسی کەنەکە لە شاری هەولێر، كە رۆژی 18ی ئەم مانگە تیرۆركرا
بڕیارە سبەی هەینی تەرمی دەنیز جەودەت بەپرسی ئۆفیسی کەنەکە لە شاری هەولێر، كە رۆژی 18ی ئەم مانگە تیرۆركرا، ڕادەستی کەسوکارەکەی بکرێتەوەو بە رێوڕەسمێك بەرەو باکوری کوردستان بەڕێ بكرێت.
ئاوێنە: میدیای نزیك لە پەكەكە، بڵاویكردۆتەوە، دوای تەواوبونی ڕێکارە یاسایی و تەندروستییەکان، تەرمی دەنیز جەودەت، سبەینێ ڕادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە، هەروەها بەڕێوڕەسمێكی شایستە لە ئۆفیسی کەنەکە لە هەولێرەوە بەرەو باکوری کوردستان بەڕێ دەکرێت.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، سبەی کاتژمێر هەشت لە ئۆفیسی سەرەکییان لە شاری هەولێر ڕێوڕەسمێك ساز دەکات بۆ بەڕێکردنی تەرمی شەهید دەنیز جەودەت بەرەو باکوری کوردستان.
بڕیارە تەرمی دەنیز جەودەت لە باکوری کوردستان و لە گوندی دێلەزێ لە شارۆچکەی گەڤەری پارێزگای جولەمێرگ بە خاکبسپێردرێت.
پاشنیوەڕۆی رۆژی 18ـی ئەم مانگە، لە شاری هەولێر هێرش کرایە سەر بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکەو بەهۆیەوە دەنیز جەودەت، بەرپرسی نوێنەرایەتی کەنەکە لە هەولێر و نوێنەری کەنەکە لە باشوری کوردستان تیرۆر کرا، تا ئێستا بکوژەکەی دەستگیر نەکراوە.