سودانی: چاوەڕێی رێكارەكانی توركیاین بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم
  2023-09-21       471       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، چاوەڕێی رێكارەكانی توركیاین بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی ئەو وڵاتەوە. دەشڵێت، لەگەڵ ئەنقەرە  دانوستان دەكەین بۆ ئەوەی هەناردەكردنەوەی نەوت جیابكرێتەوە لەو سكاڵایانەی كە هەردولامان لە دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی هەمانن. جەختیشدەكاتەوە كە وەستانی هەناردەی نەوت زیانی بۆ هەمو لایەك هەیە.

ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریكی سەبارەت بە كێشەكان لەگەڵ توركیا لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوت، رایگەیاند"چاوەڕێی لایەنی توركین بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆریی توركیاوە، بەتایبەت هەناردەكردنەوەی ئەو نەوتەی كە لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێت."

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە"هەردولا سكاڵای دژبەیەكدییان لە دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی هەن، بەڵام لەگەڵ توركیا دانوستان دەكەین لەسەر ئەوەی كە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت جیابكریتەوە لە پرسە یاساییەكان لە دادگا."

سودانی جەختی كردۆتەوە كە وەستانی هەناردەی نەوت زیانی بۆ هەمو لایەك هەیە لەنێویشیاندا لایەنی توركی.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندوە وڵاتەكەی دەبێتە وڵاتێكی "كارا" لە بازاڕی غازداو وتویەتی"دەستمان كردوە بە چەند پڕۆژەیەكی گرنگ لەگەڵ كۆمپانیای تۆتاڵ" و چەند كۆمپانیایەكی ئیماراتی و چینی.

ئاشكراشیكردوە، عێراق 11 كێڵگەو بلۆكێكی گەڕانی تایبەت بە غازی سروشتی هەیەو "ئێمە جیددین بۆ وەبەرهێنانی."

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە دیداریان لەگەڵ ئەو كۆمپانیا ئەمریكییانە هەبوە كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن و خوازیارن لە شوێنەكانی دیكەی عێراقیش كاربكەن و باسمان لەو دەرفەتانەی وەبەرهێنان كردوە كە ئێمە خوازیارین كۆمپانیا ئەمریكییەكان بەشدارییان تێدابكەن.

جەختیشی كردۆتەوە كە "پەیوەندییەكی ستراتیژی" لەنێوان عێراق و ئەمریكادا هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×