وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم رایگەیاند، یەكەمین بانكی نیشتمانی كوردستان بەناوی "بانكی نیشتمان" تۆماركراو ڕاستەوخۆ مانگانە بەشە بودجەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران دەگوازرێتەوە ئەم بانکە. دەشڵێت: بانكەكە "وەک بانکێکی فەڕمی گشتگیری حکومەت مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت خزمەتگوزارییەکانی لە بواری جیاوازی بانکیدا پێشکەش دەکات و تەنها بۆ هەڵگرتنی پارە نییە."
ئاوێنە: وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم، ئەمشەو پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"رۆژی چوارشەممە 20ی ئەیلولی 2023 لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکانی سەربە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، یەکەمین کۆمپانیای بانکی نیشتمانیی کوردستان تۆمارکرا بەناوی (بانکی نیشتمان) کە بانکێکی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەو ڕاستەوخۆ بەبانکی ناوەندی عێراقی فیدڕاڵەوە دەبەسترێتەوە."
ئەوەشی خستۆتەڕو"تایبەمەندییەکانی ئەم بانکەو ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەشی دەکات بەهەمان شێوەی بانکی ناوەندی دەبێت و وەک بونی سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی بۆ ئاڵوگۆڕی دراوەکان کە بازرگانان و هاوڵاتیان ئەتوانن لێی سودمەند بن."
ئاماژەی بەوەشداوە "هەروەها ڕاستەوخۆ مانگانە بەشە بودجەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران دەگوازرێتەوە ئەم بانکەو فەرمانبەران دەتوانن لەڕێی ئەم بانکەوە موچەکانیان بەدەست بگات، وەک بانکێکی فەڕمی گشتگیری حکومەت مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و جیاواز لە بانکە حکومییەکانی تر خزمەتگوزارییەکانی لە بواری جیاوازی بانکیدا پێشکەش دەکات و تەنها هەڵگرتنی پارە نییە."
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"رێکارەکانی دامەزراندنی ئەم بانکە لە هەرێمی کوردستان تەواوبوەو ئەوەی ماوەتەوە هەندێ ڕێکاری ڕۆتینیە لەگەڵ بانکی ناوەندی و لەئایندەیەکی نزیکدا تەواو دەکرێ."