لاهور شێخ جەنگی پێی وایە جگە لە مەترسییە دەرەكییەكان، گەورەترین مەترسی لەسەر هەرێم، بێمتمانەبونی خەڵك بەو حوكمڕانییەی كە هەیە. سەبارەت بە دەستدرێژییەكانی ئێران و توركیاش دەڵێت، هەرێمی كوردستان ناتوانێت رێگرییان لێ بكات و تاكە چارەسەر بۆ ئەوە پەنابردنە بۆ دەستوری عێراق و دەوڵەتی عێراق.
ئاوێنە: میدیای نزیك لە لاهور شێخ جەنگی، ئەمشەو بەشێكی دیكەی ئەو چاوپێكەوتنەی لاهور شێخ جەنگی بڵاوكردەوە كە لە مانگی 11ی ساڵی رابردو لەگەڵ كەناڵی روداو ئەنجامی داوەو كەناڵەكە بڵاوی نەكردەوە.
لاهور شێخ جەگی لەبارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی رایگەیاندوە"چاوەڕێم دەكرد پەیوەندی یەكێتی و پارتی بگاتە ئەم ئاستەی خراپەی ئێستا...راستە لە رابردو ههرچی كێشمهكێش و ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی بو دهیانخسته ئهستۆی من، ئاسان بو بیخەنە ئهستۆی من، چونكە من دەنگم بەرز بو لە ئاستی كەموكورتی و كێشەكان، بەڵام دهشمزانی لهدوای من ئهو دو حزبه ناتوانن بهردهوامی به پهیوهندییهكانیان بدهن، چونكه خۆیان روبەڕوی واقیعێك دەبنەوە كە واقیعێكی تاڵەو خهڵك ههندێك شتیان لێ قبوڵ ناكات، دید و بۆچونی كاك بافڵم دهزانی و دهمزانی لەسەر هەندێك شت بهریهكهوتن لهگهڵ پارتی دروستدهبێت."
لەبارەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ پارتی وتی"ناكۆكی من لەگەڵ پارتی پێش 16ی ئۆكتۆبەر هەبو، من گلهیی و گازاندهم ههبو له مهكتهبی سیاسی یهكێتی، روئایهكیان نهمابو، زۆرجار بهدوای بهرنامهكانی پارتی دهكهوتین و میللهتهكهمان توشی كارهسات كرد، ههر لهمهسهلهی ئابوری سهربهخۆ و ریفراندۆم..ئەو كاتە زیاتر ناكۆكییەكان لەنێوان من و كاك مەسرور بون كە ناكۆكی قوڵ بون، پەیوەندیم بەتەواوەتی لەگەڵ پارتی پچڕابو، كەمێك پەیوەندیم لەگەڵ كاك نێچیرڤان هەبو. بۆیە ئاسان بو شتەكان بخرێنە ئەستۆی من."
ئاماژەی بەوەشداوە، كێشەی قوڵ هەیە لە هەرێمی كوردستان و لە شێوازی حوكمڕانی.
پێشی وایە ئەوەی ئێستا بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی باسی دەكەن، "شتی تازە نین." و وتوشیەتی"من شەش ساڵ دەبێت باسی ئەم شتانەم كردوە."
وتوشیەتی" من لە رابردو پێناسەی پارتیم كردوە، پارتی حزبێكی سیاسییەو هەقی خۆیەتی وا سیاسەت بكات، بەڵام چەند ساڵە كە فرسەتی باشترمان لەبەردەمدا بو و كارتی فشاری زیاتریشمان لەبەردەستدابون بۆ لێمان قبوڵ كردن."
سەبارەت بە هێرشەكانی توركیاو ئێران و سنوربەزاندنەكانیان، لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، "راستە ئێمە رۆژانە نمایشی هێزو نمایشی سەربازیی جۆراوجۆر دەكەین، دەركەوت كە ئەم حكومەتەو ئێمە توانای ئەوەمان نییە رێگری بكەین لە هێرشی نە ئێران نە توركیا و نە حەشدی شەعبیش ئەگەر ئەمجارە بیەوێت هێرش بكاتە سەر هەرێمی كوردستان."
وتوشیەتی"چونكە ئەمە وەك شەڕی داعش نییە. ئەم شەڕە شەڕێكی جیاوازە. كەس پشتیوانیمان لێ ناكات ئەگەر توركیا بێت هێرش بكات، یاخود ئەگەر ئێرانیش بێت باوەڕ ناكەم جگە لە بەیاننامە، هیچ جۆرە پشتیوانییەكی نێودەوڵەتی ترمان هەبێت و رێگری لەوە بكرێت ئێران بێتە نێو هەرێمی كوردستان."
بەبڕوای لاهوری شێخ جەنگی "تاكە چارەسەر پەنابردنە بۆ دەستوری عێراق و دەوڵەتی عێراق و ئاشتبونەوەیە لەگەڵ سوننەو شیعە. چونكە لەدوای ریفراندۆم جۆرێك لە لێكترازان لەنێوان ئێمەو پێكهاتەكانی دیكەی عێراق دروستبوە."
وتوشیەتی"دەبێت دەستوری عێراق بكەینە قەڵغانێك بۆ پارێزگاریكردن لەوەی كە ماوە، ئەمەش هیچ عەیبێكی تیا نییە...ئەگەر ئێمە یەك دەنگ بین لەگەڵ عێراق دەتوانین زۆر شت بكەین و دامودەزگا ئەمنییەكانی عێراق بەكاربهێنین. ئەوەی ئێستا كراوە بە پاسەوانی سنور، پێشمەرگەی خۆمانە. دەكرێت لەڕێگەی دەوڵەتی عێراقەوە ژمارەی پێشمەرگە زیادبكرێت بەناوی پاسەوانی سنورەوە كە توركیاو ئێرانیش پێی رازی بن كە ئەمە هێزێكی عێراقییەو هاتۆتە سەر سنور، یان پەنابردن بۆ دەستور كە ئەمە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراقە، ئەگەر پەرلەمانی عێراق و حزبە سیاسییەكانی عێراق بێنیتە سەر خەت لە شیعەو سوننەو مەرجەعیەت بێنیتە سەر خەت بۆ ئەوەی ئەم دەستدرێژییانە نەكرێت، دڵنیام توركیاو ئێرانیش هەڵوەستەیەك دەكەن. بەڵام ئێستا دەبینین كورد خۆی لێكترازاوەو خۆی دو بەشە، جگەلەوەی كە كورد لەگەڵ عێراقیش لێكترازاوە، زەفەرمان پێ دەهێنن."
هەروەها لاهور شێخ جەنگی پێی وایە "گەورەترین مەترسی لەسەر ئەم هەرێمە بێمتمانەبونی خەڵكی هەرێمی كوردستانە بەم حوكمڕانییەو بە حزبەكان، جگەلەوەی هەڕەشەی دەرەكیمان لەسەرە. پێموایە ئەم حزبانە بێمتمانەبونی خەڵك بە بایەخ وەرناگرن. لەسەدا 73ی خەڵك بە هیچ كام لەم حزبانە زەنگێكی مەترسیدارە كە دەبوایە پارتی و یەكێتی هەڵوەستە بكەن، بەڵام نەك هەڵوەستەیان لەسەر ئەمە نەكردوە، بەڵكو لەهەندێك شتدا توندڕەوتر بون و لەزۆر شت پاشەكشەمان كردوە كە لە هەڵبژاردنی داهاتو ئەگەری ئەوە هەیە، بایكۆت بەرەو لەسەدا 80 بڕوات."
ئەوەشی خستۆتەڕو"مەگەر هێزێكی تر بێتە كایەوەو بانگەوازێكی تری هەبێت بۆ گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی لەم هەرێمەو قەناعەت بەو لەسەدا 73یە بكات و هەندێكیان بچن بۆ دەنگدان."
لاهور شێخ جەنگی لەگەش ئەوەش پێی وایە "هێزی دیكە دێتە كایەوە." لەبارەی ئەوەی كە خۆی ئەو هێزە دەبێت، وتی"من نازانم جەنابم دەبم یان جەنابێكی تر دەبێت، بەڵام من سیاسەت دەكەم و بەردەوام دەبم لە سیاسەت لەناو یەكێتی یان لە دەرەوەی یەكێتی وەكو یەكێتییەك."