پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، باوكێك لەدوای گیانلەدەستدانی كچەكەی، لە بنكەیەكی پۆلیسی رانیە سكاڵای لەسەر پزیشكێك تۆماركردو پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ رێكخرا.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، ئەمشەو پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"رۆژی 19/9/2023، هاوڵاتییەک سەردانی بنکەی پۆلیسی کێوەڕەشی کرد بەمەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا لەدژی پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە شاری ڕانیە لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە، بۆ ئەو مەبەستەش مەلەفی لێکۆڵینەوە ڕێکخرا."
پۆلیس وتویەتی، بە وتەی سکاڵاکار "کاتێک کچەکەی پێشتر کێشەی خوێنبەربونی مێشکی هەبوەو نەخۆشی تایبەتی پزیشكەكە بوە، دوای ئەوەی لە رۆژی 17/9/2023 دوبارە توشی خوێنبەربونی مێشک بۆتەوە، باوکەکە کچەکەی گەیاندۆتە نەخۆشخانەو هەمان پزیشك ئێشكگر بوە لە نەخۆشخانە، بەڵام لەو کاتەدا پزیشكەكە نەهاتوە بۆ لای کچەکەی تەنها لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەڵامی کەسوکاری نەخۆشەکەی داوەتەوە کە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی هەولێر بکرێت."
باوکی کچەکە ئەوەیشی وتوە "لەکاتی ڕەوانەکردنی کچەکەی بۆ هەولێر، هیچ کارمەندێکی تەندروستی یاوەری نەبوە. لە ئەنجامدا لەڕێگادا بۆ هەولێر ئۆکسجینی کەمبۆتەوە تا گەیشتونەتە نەخۆشخانە لە هەولێر پێی وتراوە کچەکەی گیانی لەدەستداوە."
پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەداوە "کاتێک کە کچەکە گیانی لە دەستدا، مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوی گیانلەدەستدانەکە لە بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەی ڕانیە کرایەوە."
هێمای بۆ ئەوەش كردوە"دوای کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە سەبارەت بە سکاڵای باوکەکە، بڕیاری بەڕێز دادوەر بەدەست هات، لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە."