ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، چەكداماڵینی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە ئەو بە "گروپە جوداخوازەكان" ناویان دەبات، لەلایەن عێراقەوە "هەنگاوێكی ئەرێنی"یە. جەختیش دەكاتەوە كە رێگە بە بونی ئەو گروپانە لەسەر سنوری وڵاتەكیان یان لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا نادەن.
ئاوێنە: ئیبراهیم رەئیسی، ئەمڕۆ هەینی، لە رێوڕەسمی نمایشێكی سەربازیی هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەیدا، وتی، دەستكردنی حكومەتی عێراق بە "چەكداماڵین لە گروپە جوداخوازەكان، كارێكی ئەرێنییە."
هێمای بۆ ئەوەش كرد كە سەرۆك ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران، چەند وەفدێكی ناردون تاوەكو دڵنیابن لە پڕۆسەی چاكداماڵین لە ناوچە سنورییەكان.
سەرۆك كۆماری ئێران جەختی كردەوە كە "هیچ گروپێك لە نزیك سنورەكان مافی ئەوەی نییە چەكدار بێت و رێگەش بە هیچ گروپێكی جوداخواز نادەین لە سەر سنورەكان، یان لەناو هەرێم یان لە هەر شوێنێكی تر كاری تێكدەرانە دژی ئێرا ئەنجام بدات. بۆیە دڵنیابونەوە لە چەكداماڵینی تەواوەتی ئەو چەكدارانە لە نزیك سنور، كارێكی پێویستە."