فەرماندەی "بەرگری نیشتمانی سوریا"ی سەربە ئێران لە پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی ئەسەد دەکوژرێت
  2023-09-23       727       
چەکدارێکی هێزەکانی بەرگری نیشتمانی سوریا کە یەکەیەکی چەکداری خۆبەخشن بۆ یارمەتیدانی بەشار ئەسەد و لەژێر فەرماندەیی سوپای سوریادا کاردەکەن.

عەبدولقادر حەمۆ، فەرماندەی هێزەکانی "بەرگری نیشتمانی سوریا" کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، دوای گەمارۆدانێکی چەند ڕۆژەی لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، دەکوژرێت.

ئاوێنە: عەبدولقادر حەممۆ، لە شاری حەسەکە، ڕۆژی هەینی، 22ی مانگی نۆ بە دەستی هێزەکانی حکومەتی سوریا کوژرا، ئەمەش پاش ئەوەی ئەو فەرماندەیە لێیان هەڵگەرایەوە.

هێزەکانی "بەرگری نیشتمانی سوریا" لقێکە لە هێزە چەکدارەکانی سوریا کە لە ساڵی 2012 لەلایەن ئێرانەوە بە هاوکاری قاسم سولەیمانی بۆ پاڵپشتی هێزەکانی ئەسەد بۆ شەڕی ناوخۆی سوریا ڕێکخراوە.

بە پێی میدیا و ڕۆژنامە ناوخۆییەکانی سوریا، گرژیی نێوان فەرماندەی هێزەکانی "بەرگری نیشتمانی سوریا" و هێزەکانی ئەسەد لە ناوەڕاستی مانگی هەشتەوە دەستیپێکردوە، ئەوەش دوای ئەوەی بڕیاری دورخستنەوەی حەمۆ لە پۆستەکەی لە لایەن دەسەڵاتی ئەسەدەوە بەهۆی سەرهەڵدانی ناکۆکی ناوبراو لەگەڵ سەرۆکی عەشیرەتی جبور درابو، بڕیارێک کە فەرماندەی هیزەکانی "بەرگری نیشتمانی سوریا" ڕەتیکردبوەوە جێبەجێی بکات و بۆیە لە درێژەی ناکۆکییەکاندا، شەڕی نێوانیان چوەتە ناو شەڕێکی چەکداری و لە ئەنجامیشدا دوای ئەوەی هێزەکانی ئەسەد بە سود وەرگرتن لە چەکی قورس بینای عەبدولقادر حەممۆیان گەماڕۆدا، ناوبراو پێش ئەوەی دەستبەسەر بکرێت، خۆی دەکوژێت.

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا، زانا عومەر دەڵێت "لە ئەنجامی گولەی بەرەڵا و تەقەی هەڕەمەکی کە لە ئەنجامی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ڕژێمی سوریا و میلیشیاکانی بەرگریی نیشتمانی لە ناوچەی چوارگۆشەی ئەمنی حەسەکە دروستبوە، چەند هاوڵاتییەکی مەدەنیش برینداربون."

زۆرینەی سنوری پارێزگای حەسەکە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە، تەنها ناوچەیەک نەبێت پێی دەوترێت "ناوچەی چوارگۆشەی ئەمنی" کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادایە و شەڕ و پێکدادانەکە لەوێ رویداوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×