بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم لە نیویۆرکەوە رایگەیاند، لە کۆبونەوەکانیان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان کراوە، ئەمریکاش ئامادەیی دەربڕیوە لەو بوارەدا هاوکاریی بەغداو ئەنقەرە بکات. دەشڵێت: كەیسێكی دیكە لەلایەن عێراقەوە لە دادگا دژی توركیا وروژێندراوە، تورکیا مەبەستیەتی هەم پارەی کەیسی یەکەم نەدات و کۆتایی پێ بهێنرێت هەم هیچ کەیسێکی دیکەی یاسایی نەوروژێندرێت.
ئاوێنە: سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئەندامی شاندی عێراق، بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بو بۆ کۆبونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیویۆرک. لەبارەی كۆبونەوەیان لەگەڵ سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوە، بە روداوی وت"گۆتێرێز دەستخۆشیی خۆی دەربڕی و دەستخۆشی لە حکومەتی فیدراڵی کرد بۆ ئەو هەنگاوانەی کە ناویەتی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، چ لە ئاستی هەرێمی و بگرە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش کە "مایەی دڵخۆشی و دەستخۆشی بو هەوڵ بدرێت بەو شێوە دیالۆگەی ئێستا هەیە، ئەو گرفتانەی کە ماون بە هەمان شێوە لەنێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن."
سودانی و شاندەکەی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و کۆشکی سپی کۆبونەوە. لەبارەی ئەوەی چۆن وێنای کێشەی نێوان هەولێر و بەغدایان کردوە و ئەمریکا پێویستە چی بکات بۆ ئەوەی کە کێشەکە بە یەکجاری چارەسەر بێت؟ سەفین دزەیی رایگەیاند، "لەو دانیشتنانەدا بە هەمانشێوە دەستخۆشیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کرد کە سەردانی بەغدای کردوە بە یاوەریی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، خۆی لە خۆیدا ئەوە جێگەی دەستخۆشی و دڵخۆشیی هەمو لایەنەکان بو کە یەکڕیزیی نێوماڵی کورد وا دەکات هەندێک لە گرفتەکان چارەسەر بن، بە هەمانشێوەش دەستخۆشیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد کە لە هەفتەی رابردودا تا رادەیەک بەشێک لەو گرفتانە بەتایبەتی لە بابەتی موچە تا رادەیەک بە باشی چارەسەر بون. بە ئومێدی ئەوەی کە یاسای بودجەش بە تەواوی جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش لە شایستە داراییەکانی خۆی سودمەند بێت."
لەبارەی دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە کە لە کۆتاییەکانی مانگی ئادارەوە بەهۆی سکاڵای عێراق لە دادگای نێوبژیوانیی پاریس راگیراوە، سەفین دزەیی رایگەیاند، "هەناردەکردنی نەوت هەرێمی کوردستان یەکێک لەو بابەتە گرنگانەیە کە ئیدارەی ئەمریکا بایەخی پێ دەدات و دیارە لە گشت کۆبونەوەکان گفتوگۆی لەسەر کراوە و ئامادەیی خۆیان دەربڕی کە لە نێوان ئەنقەرەو بەغداش بتوانن هاوکار بن، بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی کە لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە رێگەی تورکیا."
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەوەی هۆکاری هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چییە؟ کێشەکە لەلایەن بەغدایە یان ئەنقەرە؟ وتی، "با نەڵێین (خەتا)، بەڵام ئەرکەکە لەسەر شانی هەردو لایەنە، هەر وەک دەزانن لە پاریس بڕیاری دادگاکە لە بەرژەوەندیی عێراق بو و دەبێ تورکیا نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار بداتە عێراق، لە روی ماتماتیکییەوە ئەگەر تەماشا بکەیت، کاتێک کە عێراق هەوڵی وەرگرتنەوەی ئەو ملیارو 500 ملیۆن دۆلارە دەدات، بە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە لە مانگی سێ تاوەکو ئێستا، واتا لە شەش مانگی رابردو، نزیکەی شەش ملیار دۆلار زیان بە بودجەی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتوە، بۆیە لۆژیک ئەوە قبوڵ ناکات."
هەروەها رایگەیاند، "ئەوەی کە لە بەغدا دەیبیستین ئەوەیە کە ئەو ئەرکانەی بەرامبەر تورکیا هەیەتی دەبێ جێبەجێیان بکات، تورکیا رەنگە هەرچەندە بەشێوەی فەرمی باسیان لەوە نەکردبێت، بەڵام کەیسێکی دوەمی یاسایی لەلایەن عێراقەوە وروژێندراوە بەرامبەر تورکیا. تورکیا مەبەستیەتی هەم کەیسی یەکەم کۆتایی پێ بهێنرێت بە نەدانی ئەو بڕە پارەیە و هەم هیچ کەیسێکی دیکەی یاسایی نەوروژێندرێت، بۆ ئەوەی هەردولا لاپەڕەیەکی نوێ لەو بابەتە دەستپێبکەن و دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە."