سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی رایگەیاند، حكومەتی هەرێم لە "خراپترین" دۆخی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیدایەو دەشڵێت: دەسەڵات زۆر بێباكە بەرامبەر بە مافی فەرمانبەران بەگشتی و مامۆستایان بەتایبەتی.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەو قسانەی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمڕۆ شەممە، لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی گشتی سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی حزبەكەیدا هاتون.
ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی ڕایگەیاند: "حكومەت لەخراپترین دۆخی هەستكردن بە مەسئولیەتدایەو ئەمەش كاریگەری زۆری لەسەر پرۆسەی پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستان كردوە."
جەختیشی كردەوە "حكومەت جگە لەشكستهێنانی لەپرسی دیپلۆماسی و گفتوگۆكاندا لەبواری پەروەردەشدا گەورەترین شكستی هێناوە كە بەداخەوە هەستی پێناكەن، پێشكەوتنی هەر گەل و نەتەوەیەك بەندە بە پەروەردەو فێركردن و كە لەهەرێم فەرامۆش كراوە."
لەبەشێكی تری وتەكانیدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتو ئاماژەی بەوەدا "جێگەی نیگەرانیمانە كە دەسەڵات زۆر بێباكە بە ماف و ئیمتیازی فەرمانبەران بەگشتی و مامۆستایان بەتایبەتی."