جوتیار عادل: هەندێک لایەنی سیاسی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەسیاسی دەکەن
  2023-09-23       614       

جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ڵێت، هەندێک لایەنی سیاسی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەسیاسی دەکەن، "ئێمەش وەکو حکومەتی هەرێم جەختمان لەوە کردووەتەوە کە نابێت موچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەسیاسی بکرێت."

ئاوێنه‌: له‌لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی‌ پارتی‌، جوتیار عادل ڕایگه‌یاندووه‌، ئەگەر کێشەکان نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا زیاتر تەکنیکی و ئابووری دارایی و کارگێڕی بن، ئەوە تێگەیشتنێکی باشە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵام ئەوەی هەستی پێدەکرێت لەم ماوەیەدا، هەندێک لایەنی سیاسی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە سیاسی دەکەن، "ئێمەش وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختمان لەوە کردووەتەوە کە نابێت مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە سیاسی بکرێت. ئومێدەواریشین کە کێشەکان دارایی بن نەوەک سیاسی."

دوێنێ هه‌ینی 22ی ئه‌یلول، محه‌ممه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌میانی وتارێكدا كه‌ له‌به‌رده‌م به‌شداربووانی خولی 78ـمینی كۆبونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا پێشكه‌شیكرد رایگه‌یاند، "هیچ كێشه‌یه‌كی سیاسی له‌نێوان حكومه‌تی فیدڕاڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ئارادا نییه، ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ كێشه‌ی یاسایی دارایی بووه‌و توانراوه‌ به‌گفتوگۆو لێكتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكرێت."

سەرۆکی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومه‌تی‌ هه‌رێم دەشڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو مەرجانەی کە لە یاسایی بودجەدا لەسەری بووە، جێ بەجێیکردووە، بەڵام بەداخەوە دیسان بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، هەروەها لەو بڕوایە داین هەندێک جار ئەو بابەتە بە سیاسی دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق لە ماوەی رابردوودا چەند رێککەوتنێکی واژۆ کردووە، سەبارەت بە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، "ئەوەی لەسەر ئێمەش پێویست بووە وەکو حکومەت جێ بەجێ کراوە، پیویستە وەکو قەوارەیەک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت، کە دان پێدانراوە لەلایەن دەستوور و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە."

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، "ئێمە هەستدەکەین هەندێک جار وەکو قەوارەیەکی سیاسی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکرێت، بۆیە تێگەیشتن لەدەستوری فیدڕاڵی زۆر گرنگە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×