كچێكی ته‌مه‌ن 16 ساڵان له‌ لایه‌ن باوكییه‌وه‌ كوژرا
  2023-09-24       642       

کچێکی تەمەن 16 ساڵی خەڵکی شاری رەبەت بە ناوی هایدە حەسەنزادە لەلایەن باوكیه‌وه‌ بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراوە. تەرمی ئەم کچە چوار مانگ لە دوای کوژرانی، چەند رۆژێک لەمەبەر لە بەنداوی سەردەشت دۆزرایەوە.

ئاوێنە: بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، رۆژی دووشەممەی رابردوو تەرمی هایدە حەسەنزادە، تەمەن 16 ساڵ خەڵکی شاری رەبەت لە ناو بەنداوی شاری سەردەشت لە کاتی بەتاڵ کردنی ئاوی بەنداوەکە لەلایەن هاووڵاتییانەوە دۆزرایەوە.

رێكخراوه‌كه‌ ده‌شڵێت: "تەرمی ئەم کچە لە حاڵێکدا دۆزرایەوە کە بلۆکێکی چیمەنتۆی لە پێیەکانی بەستراوە و دەست، چاوی و زاری بە لەزگەی چەسپ بەستراوە".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "هایدە حەسەنزادە، لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا، واتە نزیکی چوار مانگ لەمەوبەر بێ سەر شوێن بووە، بنەماڵەکەی پێشتر بۆ پەردەپۆشکاری لە کوشتنی کچەکەیان، بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە کچەکەیان چووەتە دەرەوەی ئێران".

بە وتەی سەرچاوەکان، ئومێد حەسەنزادە، باوکی ئەم کچە تەمەن 16 ساڵە و دوو کچی دیکە، لە ئێستادا دەستبەسەر کراوە و دانی بە تاوانی کوشتنی کچەکەی ناوە.

سەرچاوەیەکی نزیکی بنەماڵەكە، رایگەیاندووه‌، کە هۆکاری کوشتنی هایدە درەنگ گەڕانەوە بۆ ماڵە و بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف بووە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×