لە سلێمانی گردبوونەوەی مامۆستایانی وانەبێژ، بە مەبەستی دامەزراندنیان و بە هەمیشەیی کردنیان بەڕێوەچوو و لە چالاکییەکەدا هۆشدارییان دا، ئەگەر حکومەتی هەرێم وەڵامی داواکارییەکانیان نەداتەوە ئەوا خێمە هەڵدەدەن و دەست بە چالاکی دەکەن.
ئاوێنە: ئەمڕۆ، لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی، مامۆستایانی وانەبێژ بە مەبەستی دامەزراندن و بە هەمیشەیی کردنیان، گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
گردبوونەوەکە بە وتنەوەی چەندین درووشم دەستی پێکرد، پاشان محەمەد کەمال، بە ناوی مامۆستایانی وانەبێژەوە ڕایگەیاند، بە گیرفانی بەتاڵەوە بۆ سەدەمین جار حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە، دوای سێ مانگی دیکە دەبێتە ١٠ ساڵ، کە وەزارەتی پەروەردە، یەک مامۆستای وانەبێژی دانەمەزراندووە، لەو ماوەیەدا وانەبێژان لەسەر گیرفان و ویژدانی خۆیان پەروەردە دەبەن بەڕێوە.
وتیشی، هەمان داواکاری ساڵانی پێشتر دووبارە دەکەینەوە، وەزارەتی پەروەردە بە مامۆستای وانەبێژ بەڕێوە ناچێت، کێشەکانتان لەگەڵ بەغدا و لە نێوان خۆتان مانای ئەوە نییە پەروەردە پشتگوێ بخرێت، تکایە پەروەردە تێک مەدەن، پەروەردە بدەنە دەست ئەو مامۆستایانەی دەست و مێژوویان سپییە، هەرچی دەکەن دەبێت مامۆستایانی وانەبێژ بە هەمیشەیی بکرێن.
ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی حکومڕانی حکومەتەوە ٥٨ هەزار مامۆستا بایکۆتی پرۆسەی خوێندنیان کردووە، نزیکی ٧٠٠ هەزار خوێندکاریش بێبەشە لە خوێندن و وتی: لەسەر ئەم خەباتە مەدەنییەی خۆمان بەردەوام دەبین، گەر ئەم بێ وەڵامییەی حکومەتی هەرێم بەردەوامبێت، لە خۆپیشاندانی داهاتوو لە بەردەم پەروەردەی سلێمانی خێمە هەڵدەدەین و وانەکانمان لەوێدا دەڵێینە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەى چەند ڕۆژێکە لە بەشێکى زۆرى ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان، بە مەبەستى دامەزراندنیان بە شێوەى هەمیشەیی گرد دەبنەوە، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانى حکومەتى هەرێم، وەڵامى داواکارییەکانیان نەداونەتەوە.