به‌جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تایبه‌ت به‌هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، هه‌رسێ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌ولێرو سلێمانی‌و دهۆك ده‌كه‌ونه بۆشایی یاساییه‌وه. هاوكات دەبێت ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێرو عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك لەپۆستەكانیان لاببرێن، لەبەر ئەوی پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا نەبون‌و ئه‌و پۆستانه‌یان پێدراوه، یان لەكاتی درێژكردنەوەی ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاتدا كراون بەپارێزگار.
ئاوێنه: جارێكی دیكه دادگای باڵای فیدراڵی عێراق به‌بڕیارێك دامه‌زراوه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و خستیه بۆشایی یاساییه‌وه، كه ئه‌ویش هه‌رسێ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێرو سلێمانی‌و دهۆكه.
رۆژی 30ی ئایاری ئەمساڵ دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵایەکی نەوەی نوێ درێژکردنەوەی ته‌مه‌نی پەرلەمانی کوردستانی به‌نایاسیی وه‌سف كرد‌و بڕیاری درێژكردنه‌وه‌ی هەڵوەشاندەوە، ئەمڕۆ یەکشەممەش 24ی ئه‌یلولی 2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵایەکی نەوەی نوێ، ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دوای بڕیاره‌كه ڕایگه‌یاند، "دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەسەر ئەنجومەنی پارێزگاکان نەبووە، به‌ڵكو لەسەر پەرلەمانی کوردستان بووە، کە یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2019ی بەنادەستوریی لەقەڵەمداوە، یاساکەش هەمواری یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009یەو بەدوو بڕگە هەموار کراوەتەوە. یەکێکیان دەڵێت، "ئەنجومەنەکان بەردەوام دەبن لەکاری خۆیان‌و ئەوی دیکەش دەڵێت، پارێزگار لەدەرەوەو ناوەوەی ئەنجومەن هەڵدەبژێردرێت کە پێشتر تەنیا لەئەنجومەن هەڵدەبژێردرا".
به‌و پێیه‌و به‌پێی هه‌مواری یاساكه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كه ئه‌مرۆ دادگای باڵای فیدراڵی هه‌ڵیوه‌شانده‌وه، ئەوا دەبێت ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك لەپۆستەكانیان لاببرێن، لەبەرئەوی پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا نەبون یان لەكاتی درێژكردنەوەی ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌نه‌كاندا كراون بەپارێزگار.
لای خۆیه‌وه ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "ئێمه جێبەجێکاری یاساین، یاسا هەرجۆرێک بێت جێبەجێی دەکەین."
راشیگه‌یاند، "چاوەڕێین لیژنەی یاسایی رای خۆی لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بخاتەڕو".
دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگا، سروه عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌په‌رله‌مانی عێراق له‌هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێكس ڕایگه‌یاند، "ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه 5 ساڵه به‌نایاسایی موچه وه‌رده‌گرن، ده‌بێت فلس به‌فلسی ئه‌و موچانه بگه‌ڕێننه‌وه كه له‌قوتی خه‌ڵك‌و به‌ناحه‌قی وه‌ریانگرتوه."
به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی، دەبێت ئەندامانی ئەو ئەنجومەنانە موچەی پێنج ساڵیان بگەڕێننەوە.
سروه عه‌بدولواحید نوسیویه‌تی، "ناوه‌ستین‌و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ئاشكراكردنی سه‌رپێچییه یاسایی‌و ده‌ستورییه‌كانی حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له‌هه‌رێم، نه‌وه‌ی نوێ سكاڵای پێشوی له‌دژی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان برده‌وه‌و ئه‌مه‌ش دووه‌م سكاڵایه كه ده‌بیاته‌وه، ئێمه باوه‌ڕمان به‌بنه‌ماكانی دیموكراسی هه‌یه‌و هه‌موو رێگه‌یه‌ك ده‌گرینه‌به‌ر بۆ پاراستنی".
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ده‌شڵێت، "ئێمە لەگەڵ بڕیارەکەدا دەکەوینە بۆشایی یاساییەوە. نازانین چۆن هەڵسوکەت لەگەڵ بڕیارەکەدا بکەین. دواتر لیژنەی یاساییمان کۆ دەبێتەوە بزانین چی بکەن".
هه‌ر له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌وه، ئازاد حەمە ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "وەکو ئەنجومەنی پارێزگا پابەندی بڕیارەکە دەبین، بەڵام تائێستا بەفەرمی بڕیارەکە نەگەیشتوە بەدەستمان."
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەو مەبەستە سبەینێ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆدەبێتەوەو هەڵوێستیان خۆیان بەفەرمی لەوبارەیەوە رادەگەیەنن.
لەهەرێمی کوردستان دو جار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئه‌نجامدراوه، دوایینیان لە 30 نیسانی 2014 بوو. لەرۆژی 23-6-2018وە وادەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆتاییهاتووە، پەرلەمانی کوردستانیش سەرەتای مانگی تەمموزی 2019 تەمەنی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاکانی تاوەکو هەڵبژاردنێکی دیکە درێژکردەوە.