موچه‌ی‌ مانگی‌ 7 له‌مانگی‌ 10 دابه‌شده‌كرێت
  2023-09-24       908       

دوای‌ تێپه‌ڕبونی‌ 50 ڕۆژ یه‌سه‌ر دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 6، سبه‌ینێ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 7ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دابه‌شده‌كرێت‌و ماوه‌ی‌ 12 ڕۆژ ده‌خایه‌نێت.

ئاوێنه‌: بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی حكومه‌تی‌ هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، دابەشکردنی مووچە لەسبەی (دووشەممە، 25-09-2023)وه‌ بەوەزارەتی تەندروستی دەستپێدەکات‌و رۆژی یەکشەممەی 8-10-2023 بەدابەشکردنی موچەی خانەنشینیی پێشمەرگە کۆتایی دێت.

عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح، په‌رله‌مانتاری‌ خولی‌ پێنجه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ڵێت، "درێژکردنەوەی دابەشکردنی موچەی مانگی 7 بۆ  (12 ڕۆژ) بێ باکیەکی گەورەی دەسەڵاتە بەژیانی خەڵک! بەڕاستی شەرمە!".

بڕیاره‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، بانکی رافیدەین بڕی 250 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی‌و ئابووریی هەرێمی کوردستان. بڕیاریشە لە 24 کاتژمێری داهاتودا بانکی رەشید 250 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

پێشترو لەکۆبونەوەی رۆژی 17ی‌ 9ی‌ 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بریاریدا بڕی 700 ملیار دینار لەرێگەی بانكه‌كانی‌ ڕه‌شیدو ڕافیده‌ین‌و تی‌ بی‌ ئای‌ وەک قەرز بۆ دابەشکردنی موچەی سێ مانگی موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت.

سه‌رباری‌ ڕێككه‌وتنی‌ چه‌ند مانگی‌ ڕابردوی‌ نێوان هه‌رێم‌و به‌غداو په‌سه‌ندكردنی‌ یاسای بودجەی گشتی‌ عێراق بۆ ساڵاكانی‌ 2023، 2024، 2025، بەڵام تائێستا پشکی هەرێمی کوردستان لەبودجە خەرج نەکراوە، به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق هه‌رێم تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌پابه‌ندنه‌بون به‌ڕێككه‌وتنه‌كان‌و ڕاده‌ستنه‌كردنی‌ داهاتی‌ نه‌وتیی‌‌و نانه‌وتیی‌، له‌به‌رامبه‌ردا به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌و به‌غدا به‌هۆكاری‌ جێبه‌جێنه‌كردنی‌ ڕێككه‌وتنه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌ی‌ له‌م نێوه‌نده‌شدا زه‌ره‌رمه‌ندی‌ سه‌ره‌كییه‌، موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانن كه‌ تا ئه‌مڕۆ -24ی‌ 9ی‌ 2023- موچەی مانگەکانی تەمموزو ئاب (7 و 8 و 9)یان وەرنەگرتووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×