دادگایەكی بەغدا بڕیاری ئازادكردنی ئه‌ندامێكی بنه‌ماڵه‌ی سه‌دام حسێنی دا
  2023-09-25       925       

دادگای تاوانەكانی رەسافەی بەغدا، بڕیاریدا بە ئازادكردنی عەبدوڵا یاسر سەبعاوی، کوڕەزاى زڕبراى سەدام حسێن، کە ساڵێک لەمەوبەر لە لوبنانەوە گەڕێندرایەوە عێراق، بەتۆمەتى ئەوەى رۆڵى لە کوشتنى هەزارو 700 سەربازى کۆلێژى سپایکەردا هەبوە. دادگاكە دەڵێت: ئەو تۆمەتانەى ئاڕاستەى کرابون، هەڵوەشێندرانەوە.

 ئاوێنە: دادگای تاوانەکانى رەسافە لە بەغدا لە 20ـی ئەیلولى 2023 بڕیاری دا بە ئازادکردنى عەبدوڵا یاسر سەبعاوى تکریتى، کە دەکاتە کوڕەزاى زڕبراى سەدام حسێن.

ئەوەش لە کاتێکدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ساڵی رابردو ئەو پۆلیسانەی ئینتەرپولی خەڵات کرد کە عەبدوڵا یاسریان دەستگیرکردبو.

 لە بڕیارەکەی دادگادا هاتوە؛ دادگا بڕیاری داوە ئەو تۆمەتانە هەڵبوەشێنێتەوە کە ئاراستەى عەبدوڵا یاسر، کراون کە بەشدار بوە لە کۆمەڵکوژیی سپایکەر لە 12ـی حوزەیرانى 2014، لەگەڵ بڕیاردان بە ئازادکردنى لەگەڵ تۆمەتبارێکى دیکە بە ناوى عەلى قاسم شخێت.

رۆژی 11ـی تشرینى دوەمى 2022، عەبدوڵا یاسر سەبعاوى، لە لایەن پۆلیسی لوبنانەوە رادەستى پۆلیسی ئینتەرپوڵ لە عێراق کرایەوە، دواى ئەوەى تۆمەتبار کرا بەوەى رۆڵى هەبوە لە روداوى سپایکەردا کە تێیدا زیاتر لە هەزار و 700 سەربازى فیرقەى 18ـی سوپاى عێراق لەلایەن رێکخراوى داعشەوە لە پارێزگاى سەڵاحەدین بەدیلگیران و دواتر کوژران.

سەبعاوى، زڕبراى سەدام حسێن لە سەردەمى دەسەڵاتى حیزبى بەعس چەندین پۆستى بەدەستەوە بو، لەوانە سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى. ئەو لە ساڵى 2005 دەستگیرکرا و لە ساڵى 2013 بەهۆى نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانى بەغدا گیانى لەدەستدا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×