بافڵ تاڵه‌بانى په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌
  2023-09-26       884       

له‌په‌یامێكدا بافڵ تاڵه‌بانى ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "جەخت لەدرێژەدان بەسیاسەتی نیشتمانی‌و نەگۆڕی یەکێتی دەکەمەوە سەبارەت بەپرسە نەتەوەییەکان‌و پشتگیریکردن لەمافەکانی گەلی کورد لەهەرشوێنێکی جیهان بێت"، ده‌شڵێت، "بەهێزیی یەكێتی، واتە بەهێزیی هەرێم‌و عێراق".

ئاوێنە: له‌په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ى كۆنگره‌ى پێنجه‌مى حزبه‌كه‌ى، بافڵ تاڵه‌بانى سه‌رۆكى یه‌كێتى په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "یەکێتیی ئەگەر لەڕابردودا لەڕێگەی شۆڕشی چەکداریی‌و بەخشینی زیاتر لە 26 هەزار شەهید بەخاکی کوردستان خەباتی کردبێت، ئەمڕۆ بەپابەندبون بەپێداویستییەکانی خەڵک‌و تێگەیشتن لەدۆخەکە، پێمانوایە باشترین ڕێگه‌ی خەبات بریتییە لەخەباتی سیاسی لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکان‌و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری‌و بونیادنانی داهاتویەکی گەشترو سەقامگیرتر.

له‌به‌شێكى دیكه‌ى په‌یامه‌كه‌یدا تاڵه‌بانى نوسیویه‌تى، "یەکێتی بەدیدگاو ستراتیژێکی بەهێزەوە سیاسەتی خۆی لەناوەندی فیدراڵ پەیڕەو دەکات، سیاسەتێک کە پێش هەمومان مام جەلال پەیڕەویدەکرد، ئەویش بریتییە لەئاشتی، پێکەوەژیان‌و هاوبەشیی ڕاستەقینە".

جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "ئێمە دەزانین قوڵایی ستراتیژیی کورد لەبەغدایە، بۆیە دەمانەوێت لەو ڕێگەیەوە هەوڵ بۆ بەهێزترکردنی پێگەی هەرێم‌و بەدەستهێنانی مافە دەستورییەکان‌و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بدەین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، جەخت لەدرێژەدان بەسیاسەتی نیشتمانی‌و نەگۆڕی یەکێتی دەکەمەوە سەبارەت بەپرسە نەتەوەییەکان‌و پشتگیریکردن لەمافەکانی گەلی کورد لەهەرشوێنێکی جیهان بێت".

باسى له‌كۆنگره‌ كردوه‌و ده‌ڵێت، "بەرەو قۆناغێکی نوێی خەباتی ڕێکخراوەییمان هەنگاودەنێین‌و کۆنگرەی پێنج لەپێناو بەهێزتربونی یەکێتییەکەمان سازدەکەین، دڵنیام بەپشتیوانیی خوداو دڵسۆزیی ئێوەی خۆشەویست سەرکەوتوو دەبین‌و مژدەی یەکێتییەکی پتەوتر بەخەڵکی کوردستان دەدەین، ئێمە بڕوای تەواومان بەنوێگەری‌و نوێبونەوە هەیە، لەگەڵ گۆڕانکارییەکان هەنگاودەنێین‌و خۆمان نوێدەکەینەوە".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى په‌یامه‌كه‌یدا، سه‌رۆكى یه‌كێتى ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، ئەمڕۆ هێزو کاریگەریی یەکێتی لەهەرێم‌و ناوەندی فیدراڵ لای هەموان ڕونەو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشمان لەئاستێکی باڵادایە، ئاشکراشە بەهێزیی یەكێتی واتە بەهێزیی هەرێم‌و عێراق".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×