شارەزایەكی بواری كەشناسی پێشبینی دەكات لە هەفتەی ئایندەوە بە دو قۆناغ پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزن و لە ناوەڕاستی هەفتەكەشەوە ئەگەری نمەباران و هەورە بروسكەو بارانی مامناوەند هەیە.
ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لە سەرەتای ھەفتەی ئایندەوە رۆژی شەممە 30ی مانگ، لەئەنجامی ھەڵکردنی بایەکی فێنک لەدەریای ناوەڕاستەوە بۆ سەر ناوچەکانمان بەرێژەیەکی بەرچاو، 3 تا 4 پلە، پلەکانی گەرمی نزمدەبنەوەو کەشوھەوای ناوچەکە دەچێتە قۆناغێکی نوێی فێنکبونەوە."
ئەوەشی خستۆتەڕو"ھاوکات لەگەڵ ئەم بارستە ھەوایە، لەئەنجامی درێژبونەوەی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەراستە لە رۆژانی ناوەڕاستی ھەفتەی ئایندە 2 بۆ 4ی مانگی داھاتو (10) ئەگەری ھاتنی شێ و نزمبونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما ئەبێت لەگەڵ دروستبونی ھەور و چڕبونەوەیان لەناوچەی جیاجیا بەشێوەی نمە باران و بارانی کەم و چالاکبونی با و لەھەندێ ناوچەش ھەورە بروسکەو بارانی مامناوەند لەگەڵیدا چالاک ئەبێت."
ئاراس جەبار ئەوەشی خستۆتەڕو، بە دو قۆناغ پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە و قۆناغی یەکەم لەرۆژانی 30/9 و 1/10 بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراو بەم شێوەیە ئەبێت:
ھەولێر 32 پلە
سلێمانی 30 پلە
دھۆک 31 پلە
ھەڵەبجە 32 پلە
کەرکوک 34 پلە
گەرمیان 36 پلە
راپەرین 32 پلە
سۆران 31 پلە
هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە، قۆناغی دوھەم لەنێوان 2 بۆ 4ی مانگی داھاتو ئەبێت، کە بەھۆی ھەورو بونی باران پلەکانی گەرما بەراورد بە قۆناغی یەکەم 2 تا 3 پلەی دیکە نزمتر ئەبنەوەو لەزۆربەی ناوچەکان پێویست بەلابردنی ئامێرە فێنکەرەوەکان دەکات و کەش تاڕادەیەک لەرۆژدا فێنک و شەوان سارد ئەبێت."