وتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، دروستبوونی گرژی و شەڕ لە کۆنگرە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، بڵاوبوونەوەی ھەواڵی روودانی گرژی و شەڕ لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی سەرلەبەری درۆیە و ناڕاستە.
ئاوێنه: تەلار لەتیف، وتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: لە چەند کەناڵ، پەیج و سۆشیاڵ میدیاییەک ھەواڵی روودانی گرژی و شەڕ لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی بڵاوبووەتەوە، دهشڵێت، "بۆ ھەموولایەکی رووندەکەینەوە کە ئەو ھەواڵە سەرلەبەری درۆیە و ناڕاستە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەندامانی کۆنگرە و لیژنە تایبەتمەندەکان سەرقاڵی بەڕێوەچونی کارەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
له چهند میدیاو سۆشیال میدیایهك ههواڵی ئهوه بڵاوكرایهوه كه لە ناو هۆڵی کۆنگرەی پێنجی یەکێتی بههۆی شەڕی پاسەوانانەکانی چەند بەرپرسێکی یەکێتیەوە لهناو هۆڵەکەدا ئاڵۆزی دروست بووە و بهو هۆیهوه چهند كهسێك برینداربوون.
دوێنێ چوارشهممه 27ی ئهیلولی 2023، له تهلاری هونهر له سلێمانی كۆنگرهی پێنجهمی یهكێتی نیشتمانی كوردستان بهڕێوهچوو، تیایدا بە کۆی دەنگی ئەندامان، بافڵ تاڵەبانی، بە سەرۆکی یەکێتی ھەڵبژێردرایەوە، کۆسرەت رەسوڵ عەلی و ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدیش وەک سیمبولی باڵای یەکێتی دیاریکران.