ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دوەم رۆژی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، گفتوگۆ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە كرا بەهۆی جیاوازی لەبارەی چەند بڕگەیەك پەسەندكردنی بەتەواوەتی بۆ سبەی هەینی دواخراوەو بڕیارە سبەینێ پەسەنبكرێت.
ئاوێنە: بەپێی رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە ئەمڕۆ لە دوەم رۆژی كۆنگرەی حزبەكەدا پەسەندكرا، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی پێكدێت لە 61 ئەندام بە سەرۆكی یەكێتیشەوە كە بە دەنگدانی راستەوخۆی ئازادو نهێنی هەڵدەبژێردرێن.
لە رەشنوسەكەدا ئەوەش هاتوە"هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی لە كۆنگرە، لەسەر بنەمای لیستی داخراو دەبێت، ئەو لیستەی زۆرترین دەنگی هێنا سەرجەم كورسییەكان دەباتەوە. ئەگەر تەنها یەك لیست هەبو بە دەنگدانی ئاشكرا دەنگی پێدەدرێت."
ئەوەش لەكاتێكدایە كە بڕیارە سبەی هەینی لە سێیەم رۆژی كۆنگرەدا ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردرێن.
هەر بەپێی رەشنوسەكە، مەكتەبی سیاسی لە 12 بۆ 14 ئەندامی سەركردایەتی پێكدێت كە لەلایەن سەرۆكی یەكێتییەوە پێشنیار دەكرێن و لە ئەنجومەنی سەركردایەتی پەسەنددەكرێن.
هەروەها بەپێی رەشنوسەكە، ناوی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی گۆڕاوە بە "ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی" و كە "لە 9 تا 15 ئەندام پێكدێت و ئەندامان و سكرتێرو جێگرەكانی ئەنجومەنەكە لەپاش كۆنگرە لەلایەن سەرۆكی یەكێتییەوە دیاری دەكرێن."
"ئەنجومەنی پشتیوانی"ش ئەنجومەنێكی نوێ دەبێت كە بەگوێرەی رەشنوسی پەیڕەوەكە "لە ئەندامانی كارای خولی پێشوی سەركردایەتی و تێكۆشەران و گەنجانی یەكێتی پێكدێت، جێگرو سكرتێری ئەنجومەنەكەو ئەندامانی لەلایەن سەرۆكی یەكێتییەوە دیاری دەكرین و ژمارەیان لە 100 ئەندام تێناپەڕێت."
دەقی رەشنوی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی