بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لەبارەی بڵاوبونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی لێدان و پەلاماردانی چەند گەنجێك لەسەر قەڵای هەولێر لەلایەن پۆلیسەوە لە رێوڕەسمی یادی لەدایكبونی پێغەمبەردا، رونكردنەوە دەدات و دەڵێت، ئەو گەنجانە "ڕەفتاری ناشایستە"یان ئەنجامداوە، لەسەر لێدانیشیان لەلایەن پۆلیسەوە، ئەفسەرێك و پۆلیسێك دەستگیركراون.
ئاوێنە: بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا لەبارەی گرتە ڤیدیۆییەك كە تێیدا لە رێوڕەسمی یادی لەدایكبونی پێغەمبەردا لەسەر قەڵای هەولێر، هێزەكانی پۆلیس پەلاماری چەند گەنجێك دەدەن و لێیان دەدەن، رایگەیاند"لەکاتێکدا کە ژمارەیەکى زۆرى هاوڵاتییانى شارى هەولێرى پایتەخت بە چالاکی و شێوازی جیاواز لەو ڕۆژە پیرۆزەدا خۆشەویستی خۆیان بۆ پێغەمبەری ئیسلام دەردەبڕى لەنێو سەنتەرى شار، لە هەمانکاتدا کۆمەڵێک گەنج لە سەر قەڵاتى هەولێر بە ئەنجامدانى چەند کردارو ڕەفتارێکى ناشایستە هاوڵاتیانیان ناڕەحەت و بێزارکردبو."
پۆلیسی هەولێر وتوشیەتی"بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئەو بارودوخە و ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ ئەو گەنجانە پۆلیس ڕەوانەى شوێنەکە کران، بەڵام بەداخەوە لەلایەن یەکێک لە پۆلیسەکان بەشێوازێکى ناشایستە پەلامارى یەکێک لە گەنجەکان درا، لەبەرامبەر ئەو ڕەفتارە نابەجێیە ئەفسەرێک و ئەو پۆلیسە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە دەستبەسەرکراون و لیژنەى لێکۆڵینەوەیان لە سەر پێکهێنراوەو بەپێى یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت."
لێرە كلیك بكە بۆ بینینی ڤیدیۆی پەلاماردانی گەنجەكان لەلایەن پۆلیسەوە