بنەماڵەی وەستا حەسەنی كەبابچی باس لە روداوی كوژرانی كوڕەكەیان دەكەن
  2023-09-29       909       

شەوی رابردو لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی تەقە لە دو كوڕی وەستا حەسەنی كەبابچی كرا، یەكێكیان كوژراو و ئەویدیكەیشیان برینداربو. كوڕێكی دیكەی وەستا حەسەن باس لە چۆنیەتی روداوەكە دەكات و داواش دەكات، بكوژی براكەی، هاوشێوەی براكەی، لەبەرچاوی خەڵك بكوژرێتەوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، كوڕێكی وەستا حەسەنی كەبابچی، لەبارەی روداوەكەوە لێدوانی بۆ رۆژنامەنوسان داو لەبارەی چۆنیەتی روداوەكەوە رایگەیاند، ئەو دو برایەم كە براژنیشمیان لەگەڵدا بوە لەناو ئۆتۆمبێلەكە، كاتێك لە سەرچنارەوە هاتونەتەوە بەرەو ماڵەوە، ئەو كەسە لە رێگا بە ئۆتۆمبێل دەستی شكاندۆتەوە سەریان، دواتر براكەم لە ماركێتێك بۆ شت كڕین دەوەستێت و ئۆتۆمبێلەكەی بەرامبەر بە ماركێتەكە رادەگرێت، كاتێك دێتەوە ناو ئۆتۆمبێلەكەی، بكوژەكە دێـت و جنێوی پێ دەدات و پێی دەڵێت، "ئەگەر پیاوی تا ئەو لایە وەرە" كە ناو بازاڕەكەی سەرچنارو شەهیدانی سەرچنار دەكات.

وتیشی، براكەشم دەچێتە ئەوێ، بكوژەكە میلی دەمانچە دەخاتە سەر ملی براژنم، برا بچوكەكەم لە تاوان دادەبەزێت بۆی، بكوژەكە یەكەم جار تەقە لە رۆژە (برا بچوكەكەم) دەكات، دیلانی براشم پەلاماری دەدات و بكوژەكە دو فیشەك دەنێت بە رانی دیلانی براشمەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بكوژەكە بەتەنها خۆی بوە. دەمانچەیەكی كرواتی پێ بوە، 14 قەوان لە شوێنەكە هەڵگیراوەتەوە. لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە نەك خۆی رادەست كردبێت.

وتیشی، داواكارین لە یاسا بكوژەكە، هاوشێوەی براكەم كە لەناو سەرچناردا تەقەی لێكردوەو كوشتویەتی، لەبەرچاوی خەڵك بكوژرێتەوە نەك بخرێتە زیندان. ئێمە ستەممان لێكراوە.

لەبارەی ئەوەی بكوژەكەو كەسوكاری دەناسن، وتی، نەخێر نایانناسین و هەرگیز نەماندیون.

لەبارەی دۆخی ئەو برایەتی كە برینداربوە، وتی، برا بریندارەكەم دۆخی باشە.

هەروەها وتیشی، رۆژەی برام كە كوژراوە تەمەنی 16 ساڵ بو و خوێندكاری نۆی بنەڕەتی بوە. براكەی دیكەشم كە بریندارە كاسبەو لەگەڵ خۆماندا كاردەكات لە چێشتخانەكەمان.

لەبارەی ئەوەی ئایا براژنی برینداربوە وتی"براژنم بریندار نەبوەو سەلامەتە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×