بەرهەم مستەفا، ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاند، سبەی شەممە كە وادەی دابەشكردنی موچەی وەزارەتی پەروەردەیە، تەنها بۆ موچە رو لە ناوەندەكانی خوێندن دەكەین و بایكۆت بەردەوامەو داوادەكەین دو موچە پێكەوە دابەشبكرێت.
ئاوێنە: بەرهەم مستەفا، ئەندامی سكرتارییەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، ئەمڕۆ هەینی، لە لێدوانێكدا بۆ یەكێك لە میدیاكانی یەكێتی رایگەیاند، لە 13ی 9ی 2023 ەوە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنمان كردوە و سبەی كە موچەی وەزارەتی پەروەردەیە تەنها بۆ موچە رو لە ناوەندەكانی خوێندن دەكەین و بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەكەین كە پێمانوایە ئەوە تاكە رێگایە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانمان.
بەرهەم مستەفا وتوشیەتی، ئێمە داوای مافی مامۆستایان دەكەین و ترسمان هەیە ئەمساڵ چەند موچەیەكی مامۆستایان بفەوتێت، بۆیە داوادەكەین دو موچە پێكەوە دابەشبكرێت و مافی مامۆستایان و موچەخۆران نەفەوتێت.
بەپێی ئەو خشتەیەی كە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكراوەتەوە، بڕیارە سبەی شەممە 30ی ئەیلولی 2023، موچەی مانگی حەوتی وەزارەتی پەروەردەو ئەنجومەن و دەزگای ئاسایش دابەشبكرێت.