فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی کۆنگرەی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات لەپەیڕەوی ناوخۆدا دەسەڵاتی سەرۆکی یەکێتی ڕێکخراوەتەوەو ئەندامانی سەرکردایەتیش بەلیست هەڵدەبژێردرێن، ئەو دەڵێت "پێدەچێت هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی بکەوێتە سبەینێ یاخود یەکشەممە".
ئاوێنە: فەرید ئەسەسەرد ڕایگەیاند "ئەندامانی سەرکردایەتی بەلیست هەڵدەبژێردرێن، هەر لیستێك لە 61 ئەندام پێکدێت".
لەو بڕوایەشدابوو کە لە دوو لیست تێپەڕ نەکات هەرچەندە ئاماژەیدا بەوەی هەر یەك لیست دروست دەکرێت، لەو حاڵەتەشدا پێویست بەدەنگدان ناکات.
فەرید ئەسەسەرد ڕەتیشیکردەوە کە لە ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆدا دەسەڵاتی سەرۆکی یەکێتی زیادکرابێت و وتی "دەسەڵاتەکانی ڕێکخراوە، بەڵام لەهەموو شوێنێك سەرۆك دەسەڵاتی زیاترە".
ئەمە لەکاتێکدایە کە وا بڕیار بوو کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ماوەی سێ ڕۆژ بخایەنێتو ئێوارەی ئەمڕۆ کۆتایی بەکارەکانی بهێنێت، بەو پێیەی لە٢٧ی مانگەوە دەستیپێکردوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاودەبنەوە مشتومڕێکی زۆر لەنێوان ئەمدامانی کۆنگرەدا لەئارادایە سەبارەت بەهەموارکردنەوەی چەند بڕگەو مادەیەکی پەیڕەوی ناوخۆو دیارینەکردنی دەسەڵاتەکانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیو ئەنجومەنی پشتیوانی، هەروەها سەبارەت بەشێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتیو یەکلاکردنەوەی ئەوەی کە سەرۆکی یەکێتی جێگری دەبێت یاخود نایبێتو سەرۆک خۆی لەکاتی ئامدەنەبونی کەسێک وەک جێگری خۆی رادەسپێرێت کارەکانی ئەنجام بدات.