ئومێد خۆشناو: ناتوانین گەرەنتی ئەوە بكەین كە لافاو رونادات
  2023-09-30       337       

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەئەنجامدانی رێکارو رێوشوێنەکان، مەترسییەکانی لافاو کەمتر دەبنەوە، بەڵام ناتوانین گەرەنتی ئەوە بکەین کە لافاو رونادات، هەروەها بەهۆی گرفتی دارایی ئەمساڵ دروستکردنی چەند پۆندێک ئەنجام نەدراون.

ئاوێنە: ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ شەممە، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێمە ناتوانین گەرەنتی ئەوە بکەین کە لافاو رونادات، چونکە لە هیچ وڵاتێک ئەو گەرەنتییە نادرێت، بەڵام بەئەنجامدانی رێکارو رێوشوێنەکان مەترسییەکانی لافاو کەمتر دەبنەوە.

وتیشی، لە چەند ساڵی رابردودا زۆر گرفتمان هەبوە، وەک گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و هەروەها بە بەردەوام لە هاویناندا کێشەی ئاومان لە شاری هەولێردا هەبوە، ئێستاش لە پاییز تاوەکو بەهار ئامادەکارییەکان بەردەوام دەبن بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، ساڵی 2023 ساڵێکی سەخت بو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەدەستهێنانی شایستەکانی بودجە و موچەی فەرمانبەران و هەروەها بودجەی پڕۆژەکان، هەمو ئەوانە گرفتی گەورەی لەپێشبو.

وتیشی، ئەو پلانە ستراتیژییانەی هەبون لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو و ئاوی ژێرزەوی و دابینکردنی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار، هەمو ئەوانە لە پلانەکان ماون، بەڵام بەهۆی گرفتی داراییەوە ئەمساڵ دروستکردنی چەند پۆندێک ئەنجام نەدراون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×