مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی: قه‌یس خه‌زعه‌لی به‌ڵێنیدا ببێته‌ زمانحاڵ و به‌رگریكاری فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم
  2023-09-30       1002       

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رایدەگەیەنێت كە بەردەوام دەبن لە كۆكردنەوەی ئیمزای زیاتر بۆ داواكردنی گواستنەوەی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر حكومەتی عێراق و دەشڵێت: لە دیدارییاندا لە بەغدا لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەق، ناوبراو بەڵێنی دا ببێتە زمانحاڵ و بەرگریكاری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیەندراوێكی دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سەبارەت بە سەردانیان بۆ بەغداو داواكاریی گواستنەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ سەر حكومەتی عێراق، خوێندرایەوە.

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە راگەیەندراوەكەیدا دەڵێت"رۆژی سێشەممە رێككەوتی 26ی 9ی 2023، سەردانی بەغدامان كردو چاومان كەوت بە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەق، كێشەكانی مامۆستایان و فەرمانبەران و وانەبێژان و خانەنشینان بەوردی خرانەڕو."

دەستەكە دەشڵێت"لە دیدارەكە قەیس خەزعەلی بەڵێنی دا كە چیتر رێگە نادەن موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوابكەوێت و دەبینە زمانحاڵ و بەرگریكاری فەرمانبەرانی هەرێم."

وەك لە راگەیەندراوەكەی دەستەكەدا هاتوە"هەمان رۆژ لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبوینەوە. داواكاریی دامەزراندنی وانەبێژان، یەكخستنی سیستمی موچە لە زاخۆوە تا بەسرە، گرفتی مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە كەركوك، هەروەها خواستی فەرمانبەران لە راستەوخۆ دابەشكردنی موچەكانیان لەلایەن بەغداوە بە كارتی بانكی، باسكران و داوای چارەسەری كێشەكانمان كرد."

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئاماژە بەوەشدەكات "بۆ ئەو مەبەستە فۆرمە ئەلیكترۆنییەكەی كۆكردنەوەی واژۆمان كاراكردەوە تا بتوانین جگە لەو 60 هەزار ئیمزایەی رادەستی لیژنەی داراییمان كردوە، ژمارەكە بگەیەنینە سەرو 200 هەزار ئیمزا. داواكارین لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران بەبێ ترس فۆڕمەكە پڕبكەنەوە، تاوەكو داواكاریی گواستنەوەی موچە بەهێزتر ببێت."
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەیدا دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕەزی دڵنیایی دەدات كە "چارەسەركردنی كێشەكانی موچە بەناو پاشەكەوتكراوەكان و پلەبەرزكردنەوەی موچەخۆران" لە پێشینەی كارەكانی داهاتویان دەبێت.

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×