كۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی دواخرا
  2023-09-30       412       

ئەمڕۆ شەممە، بەهۆی تەواو نەبونی رێژەی یاسایی، کۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی دواخرا، ئەوەش دوای ئەوەی باڵی كامیلی حاجی عەلی بایكۆتی كۆنگرەكەیان كرد بە پاساوی هەبونی "پێشێلكاری".

ئاوێنە: بڕیار بو ئەمڕۆ شەممە، کۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان، لە شاری سلێمانی بە ئامادەبونی هەردو باڵی ناكۆكی بزوتنەوەكە، بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبونی رێژەی یاسایی نەتوانرا کۆنگرە ببەسترێت و دواخرا.

محەمەد بازیانی، ئەندامی کۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی و سەربە باڵی كامیلی جاجی عەلی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە ماوەی 10 رۆژدا دەتوانرێت رێککەوتن بکرێت بۆ بەستنی کۆنگرە، ئەوکات دەبێ چەند ئەندامی ئەوان بچێتە ژورەوە ئەوەندەش هی ئێمە بن".

وتیشی: "ئەمڕۆ کۆنگرە ناکرێت، بەپێی یاسا دەبێ رێژەی یاسایی تەواو بێت، ئەگەر تەواو نەبو کۆنگرە دەچێتە قۆناغی دوەم".

بەگتەی بازیانی، باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز "پێشێلکاریان کردوە، بەڵام هەر نەیان توانیوە رێژەی یاسایی تەواو بکەن، دەمان زانی کە رێژەی یاسایی تەواو نابێت".

رونیکردەوە: "بە ئەندامەکانی ئێمەشەوە هەزار و 70 کەس لە هۆڵی کۆنگرە بون، بەپێی یاسا دەبێ هەزار و 170 کەس لە ژورەوە بن، ئێمە هەندێک کەسمان وەکو تاکتیکێکی ناردە ژورەوە، بۆیە لە کەناڵەکانی راگەیاندن نەمان دەویست قسە بکەین، بەڵام بۆ قۆناغی دوەم ئێمە ئیشی خۆمان دەکەین."

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە دواخستنەكە بەپێی یاسای حزبەكان لە رۆژێكەوە بۆ 10 رۆژ دەبێت و دەتوانرێت لەو ماوەیەدا رێككەوتن بكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×