سەروەر بەرزنجی
ئەمڕۆش کۆنگرەی بزووتنەوە جارێکی تر ھەڵوەشایەوە بەجۆرێک نزیک بوو ئەندامان و باڵەکان پێکدادەن، باڵی کامیلی حاجی عهلی بەتەکبیر لێدان ھەڕەشەیان لەباڵەکەی تر دەکرد، باڵەکەی عیرفان عبدلعەزیز بەھەمانشێوە بەتوندی مامەڵەیان دەکرد.
ئەوەی لێرە جێگەی تێڕامانە خەڵک نازانێت بزووتنەوەی ئیسلامی کە خۆیان بەبەرگریکارێکی سەرسەختی دین دەزانن، لەسەر چی و لەپێناوی چی بەربوونەته شکاندن و گیانی یەکتر، ئایا لەسەر دینی خواو بەرگریکردنە لەپایەکانی ئیسلام و فەرموودەکانی پێغەمبەر د.خ یان شەڕکردنە لەپێناو دۆلارو کورسی.
ئەگەر بۆ ھێزەکانی دیکە ئاسایی بێت ناکۆکی ھەبێت و باڵ باڵێن ھەبێت، بەقەولی ئیسلامییەکان ئەوانە عیلمانین و بۆ دونیا شەڕ دەکەن، ئەی بۆچی دەبێت ئیسلامییەکان بەھەمان ڕێگەی ئەواندا بڕۆن، بزووتنەوەی ئیسلامی ئەو ڕاستییەی بۆ ھەمووان سەلماند کە ھیچ ھزێکی ئیسلامی نیە شەڕ لەسەر دین بکات، بەڵکو ئەوەی ھەیە تەنیا بەکارھێنانی دینە بۆ گەیشتن بەمەرامی دونیاو تاکە کەسیی.
ئەگەر لەبەر خوداو بۆ خودا شەڕدەکەن بۆ لەبەرخاتری خوداو دین سازش ناکەن، با لەجیات کامیل عیرفان بێت یان بەپێچەوانەوە، دابەشبوونی جەماوەرەکەشیان بەھەمانشێوەیە کەسیان نیە قسەی خێر بکەن، ئەوانەی لەبەرەی کامیلی حاجی عهلین بەرەکەی تریان پێ ھەڵەیە لەھەمان کات بەرەکەی عیرفان عبدلعەزیز بەرەكهی تریان بێ ھەڵەیە.
خاڵێکی تر کە زۆر جێگەی سەرەنجە بەشێک لەلایەنگرانی بەرەی حاجی کامیل دەڵێن ناو زیاد کراوەو فرت و فێڵکراوە، ئەمە لەکاتێکدایه كه ئەوانە ھەمیشە خەڵکانی دەرەوەی خۆیان بەو شتانە تۆمەتباردەکەن، کە دەگاتە خۆیان زۆر زیاتر ئەوە دەکەن کە ڕەخنەی لێدەگرن، ئەسڵەن ئەوە لەکوێی دیندان جێگەی دەبێتەوە پەنابردن بۆ فرتو فێڵو تەزویر، ئەمیرو سەرکردایەتییەک بەفێڵو تەڵەکەبازی بێتە سەر دەسەڵات چۆن دەتوانێت سبەی باسی نەھێشتنی گەندەڵی و فێڵکردن بکات.
دوورنییە ئەگەر ئەو شێوازە درێژە بکێشێت پەلاماردانی چەکداریشی لێنەکەوێتەوەو خوێن بڕژێت.
ھێزێک خاوەنی بیرە نەوت و تانکەرە نەوت و ملیاران دۆلار نین ئاوا کەوتوونەته بەریەک، ئەگەر سبەی ببنە خاوەنی ئەو شتانە دەبێت چۆن لەگەڵ یەکتر ئیدارە بکەن و وڵات بەڕێوەبەرن.