كارەكانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی بۆ سبەینێ هەڵگیرا
  2023-09-30       427       


كارەكانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی بۆ سبەینێ هەڵگیراو لەكۆی 65 ماددەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی 45 ماددەیان پەسەندكراون.

ئاوێنه‌: كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر كاره‌كانی‌ چواره‌م ڕۆژی‌ پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی بۆ سبەینێ یه‌كشه‌ممه‌ هەڵگیرا، به‌گوێره‌ی‌ میدیاكانی‌ یه‌كێتی‌، تائێستا لەكۆی 65 ماددەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی 45 ماددەیان پەسەندكراون.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دەبوایە دوێنێ هەینی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی دیاریبکرانایەو کۆنگرەکە کۆتایی بهاتایە.

سه‌رچاوه‌ ناڕه‌سمییه‌كان باس له‌بونی‌ ناكۆكی‌ توند ده‌كه‌ن له‌نێوان باڵە جیاوازەكانی‌ ناو حیزبه‌كه‌، به‌جۆرێك ئێستا لەناو كۆنگره‌ی یەكێتی سێ باڵ‌و ئاراستەی جیاواز هەیە ئەوانیش (ماڵی مام جەلال، ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، گروپی كەركوكیەكان)، جگه‌ له‌باڵی‌ ماڵی‌ مام جه‌لال، دو باڵه‌كه‌ی‌ دیكه‌ ناڕازین لەشێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی، لەبەر ئەوەش گفتوگۆی پەیڕەو بەخاوی بەڕێوەده‌چێت.

رۆژی 27ی مانگ بەبەشداری 600 ئەندام پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستی بەکارەکانی کردو بڕیاربو سێ ڕۆژ بخایه‌نێت.

دوای‌ كۆتاییهاتنی‌ چواره‌م ڕۆژی‌ كۆنگره‌، عیماد ئەحمەد، ئەندامی كۆنگرەی یەكێتی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "گفتوگۆ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی بەردەوامەو ئەندامانی كۆنگرە ئازادانە بیروبۆچونی خۆیان دەخەنەڕو."

به‌وته‌ی‌ ئه‌و، "بەرۆحیەتێكی یەكگرتووانە ئەندامانی كۆنگرە سەرنج و تێبینییەكانی خۆیان له‌سه‌ر  پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی دەخەنەڕو."


 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×