گوهدار زێباری جارێکی دیکە شەش مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا
  2023-10-01       473       


گوهدار زێباری کە یەکێکە لە دەستگیرکراوانی بادینان، ئەمڕۆ بۆ سێیەمجار لەلایەن دادگای هەولێرەوە سزای شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

پارێزەری گۆهدار زێباری لە بەردەم دادگای هەولێر بە میدیاکانی راگەیاند، بە پێى مادەى ١٥ى بڕگەى یەک دادگاییکرا و بەپێى ئەو مادەیە بە شەش مانگ زیندانیکردن سزا درا، تیمى پارێزەران لەسەر بڕیارەکەى دادگا بڕیار لەسەر تەمیزکردنەوەى دەدەین.

بەهۆی دواخستنی بڕیاردان لەسەر کەیسیەکەی و هێشتنەوەی لە زیندانی ئاسایشی گشتی لە هەولێر، گۆهدار زێبارى لە سەرەتاى مانگى رابردووەوە مانى لە خواردن گرتبوو.

گوهدار لە 22 ی مانگی دەی 2020 دەستگیرکرا و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ حوکمی 6 ساڵ زیندانی درا بە پێی یاسایەکی کۆنی عێراق. پاشان بە فەرمانێکی سەرۆکی هەرێمی سزاکەی کەمکرایەوە، بەڵام دوو کەیسی دیکەی لە دژ تۆمارکرا بەر لەوەی ماوەی زیندانیکردنەکەی لە 16 ی مانگی سێی 2023 تەواوببێت و جارێکی دیکە حوکمی زیندانی درایەوە بە تۆمەتی گۆڕینی "لۆگۆی ئۆتۆمبیلەکەی".

پاشان ڕۆژێک بەر لەوەی ماوەی زیندانیکردنەکەی لە 16 ی مانگی هەشتی 2023 تەواوببێت و ئازادبکرێت، ئەم جارەیان گوهدار گواسترایەوە بۆ زیندانی ئاسایشی گشتی بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک بەبێ مۆڵەت.

گوهدار ئەو ڕۆژەی دەستگیرکرا، وەک باس دەکرێت چەکێکی تاپڕ لە ئۆتۆمبیلەکەیدا گیراوە. لە 24 ی مانگی هەشت دادگا بڕیاری دا کەیسەکە لە ئاسایشی گشتییەوە بگوێزرێتەوە بۆ دادگای کەتنی هەولێر، بەڵام ئاسایش بڕیارەکەی جێبەجێ نەکرد.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×