پەکەکە بەرپرسیاریەتی خۆی لەهێرشەکەی ئەنقەرە راگەیاند
  2023-10-01       1034       

ئا: ئاوێنە

 

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل، پەیوەست بەچالاکییەکەی ئەم بەیانییەی نزیك وەزارەتی ناوخۆو پەرلەمانی‌ توركیا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکرده‌وه‌و تێیدا بەرپرسیاریەتی خۆی لەهێرشەکە راگه‌یاند.

 

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ١/ ١٠، دو چه‌كدار هێرشیانكرده‌ سه‌ر دەروازەی چونه‌ ژورەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی‌ سەر بەوەزارەتی ناوخۆی‌ توركیا. عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، "یەکێک لەتیرۆریستەکان خۆی تەقاندووەتەوەو یەکێکی دیکەشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە". ئاماژەی بەوەشکرد، هەر بەهۆی روداوەکەوە، "دو ئەفسەری پۆلیس بەسوکی بریندرابون".

له‌ڕاگەیاندراوەکەی‌ فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەلدا هاتووه‌ کە ١ی تشرینی یەکەم بڵاوکرایەوە، "دەوروبەری کاتژمێر ٩:٣٠، تیمێکی سەر بەتابوری نەمرانمان دژی بنکەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا چالاکی فیداکاریی ئەنجامدا. ئەم چالاکییە بەتایبەت لەڕۆژی کردنەوەی پەرلەمان و لەشوێنێکی نزیک پەرلەمان، دژی ناوەندی کۆمەڵکوژکەرو ئەشکەنجەدەر ئەنجامدرا، وەک ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو، بەبێ ئاستەنگ، بەڕێوەچوو."

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، "ئەم کارە فیداکارییە گەیشتە ئامانجی خۆی کە هاوڕێ چالاکوانەکانمان بۆ بەجێگەیاندنی فەرمانەکە گەیشتنە ئەوێ‌و بەسەرکەوتویی ئەنجامیاندا. بەڵام وەک هەمیشە ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە بەبێ ڕێزییەکی زۆر بەرامبەر گەل و ڕای گشتی ئەنجامی ڕاستەقینەی چالاکییەکە دەشارێتەوە."

له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "پێویستە هەمووان بزانن ئەگەر ئەندامانی تابوری نەمران بیانویستایە دەیانتوانی لەکاتی چالاکییەکەدا گۆڕانکارییەکی بچوک بکەن و ئەنجامێکی زۆر جیاوازی لێ دەکەوتەوە. بەڵام ئەم هەنگاوە بەهۆشیاری‌و زانینەوە هەڵگیرا، بەپابەندبون بەئامانجی سەرەکییەوە، کە گەیاندنی پەیامێکی پێویست و هۆشیارکردنەوەی شوێنە پەیوەندیدارەکان بوو."

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل ده‌ڵێت، "ئەم چالاکییە، هۆشدارییەکە لەکۆمەڵکوژی و فشاری فاشیستی بەپشتگوێخستنی یاسا نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، کردەی نامرۆڤانە و سیاسەتی گۆشەگیری کە لە هەموو زیندانەکانی تورکیاو کوردستان پەرەی پێدراوە، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی گەریلاکانمان کە بەپێی یاسای گەردونی قەدەغەکراوە، دژی تاڵانکردنی سروشتی کوردستان و کۆمەڵکوژی و فشاری فاشیستیانەی سەر گەلی کوردستان و هەموو ناوەندە دیموکراتیکییەکان، بۆیە چالاکییەکی ڕەوای خۆپاراستنە. ئەگەر ڕژێمی فاشیستی قڕکەری ئاکەپە – مەهەپە بەردەوام بێت لەئەنجامدانی ئەو تاوانانە، چالاکییە ڕەواکانی دادپەروەری شۆڕشگێڕیش بەردەوام دەبێت."

له‌كۆتایی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "ئەم چالاکییە پڕ قارەمانێتیی و واتادارە، بەتایبەتی لەڕۆژی کردنەوەی پەرلەماندا پێکهات، تایبەت بوو بە یادکردنەوەی فەرماندەی ئامەدمان ئاخین موش (هولیا دەمیرەر) کە ڕۆژێک فەرماندەیی تابوری نەمران بوو، هەروەها یادکردنەوەی ئەو هاوڕێیانەی لەگەڵیدا شەهید بوون. ئەم چالاکییە مەزن و مێژووییە لەلایەن هاوڕێیانمان ڕۆژهات زیلان و ئەردال شاهین ئەنجامدرا. ئەم فیداکارە نەمرە ئاپۆییانەی بەم چالاکییە هەستان، بە ڕێز و سوپاسەوە بیر دەهێنینەوە. پیرۆزبایی لەو تێکۆشەرە قارەمانانە و هەموو ئەو هاوڕێیانە دەکەین کە لەم چالاکییەدا کاریان کردووە، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین. ڕایدەگەیەنین کە دواتر زانیاری ورد لەسەر ناسنامەی ئەو جەنگاوەرە فیداکار و قارەمانانەی تابوری نەمران کە بەم چالاکییە هەستاون، بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین و سوپاسی خۆمان دەردەبڕین".

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×