نەوتی کەرکووك بە 14 دۆلار کەمتر لە نرخی بازاڕ فرۆشراوە
  2023-10-02       563       

کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی ئەو نەوتەی لە کەرکووكەوە بۆ ئوردنی هەناردە دەکات بە 14 دۆلار کەمتر لە نرخی بازاڕ فرۆشتووە.

ئاوبنە: ئەمڕۆ دووشەممە، کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی ڕایگەیاند مانگی ئەیلولی ڕابردوو 449 هەزار و 423 بەرمیل نەوتی بۆ ئوردن هەناردە کردووە.

ڕوونیشیکردەوە کە تێكڕای هەر بەرمیلێك بە 78 دۆلار فرۆشراوە، لە کاتێکدا مانگی ڕابردوو نرخی تێکڕای هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق 92.05 دۆلار بووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاشیگەیاند، داهاتی نەوتی هەناردەکراو بۆ ئوردن گەیشتووەتە 35 ملیۆن دۆلار.

لە مانگی ئەیلولی 2022ەوە عێراق دەستیکردووەتەوە بە جێبەجێکردنی رێككەوتنی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووك بۆ ئوردن، بە پێی ڕێککەوتنەکە کە سەرەتاکەی بۆ مانگی ئەیلولی 2021 دەگەڕیتەوە، عێراق ڕۆژانە 10 بەرمیل نەوتی کەرکووك بە نرخی داشکێندراو بۆ ئوردن هەناردە دەکات.

دواتر گۆڕانکاریی لە ڕێککەوتنەکە کرا، بە جۆرێك عێراق مانگانە لە بری 300 هەزار بەرمیل، 450 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ئورد هەناردە بکات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×