سەرۆك كۆمار لەكۆبونەوەی لەگەڵ وەفدێكی شەنگال: بەزوترین کات کۆتایی بە دۆسیەی ئاوارەكان بھێنرێت
  2023-10-31       366       

لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆبونەوەی لەگەڵ وەفدێكی قەزای شەنگال رایگەیاند، پێویستە بەزوترین كات كۆتایی بە دۆسیەی ئاوارەكان بهێنرێت بە دڵنیابون لە گەڕانەوەی ھەمو ئەو ئاوارانەی کە ھێشتا لە دۆخێکی سەختدا دەژین لە کەمپەکانی ئاوارەیی.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ سێشەممە، لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق، پێشوازیکرد لە وەفدێكی ھەماھەنگکاری پێکھاتە و ھێزە نیشتمانییەکانی شەنگال.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە دیدارەکەدا تاوتوێی دۆسیێی ئاوارەکانی وڵات کرا، کە تێیدا سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بە زوترین کات کۆتایی بەو دۆسیە مرۆییە بھێنرێت بە دڵنیابون لە گەڕانەوەی ھەمو ئەو ئاوارانەی کە ھێشتا لە دۆخێکی سەختدا دەژین لە کەمپەکانی ئاوارەکان.

ھەرورھا سەرۆك كۆماری عێراق، جەختی لە گرنگی  یەکخستنی ھەوڵەکانی ھەمو ھێزە سیاسییەکان کردەوە بۆ بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و باشترکردنی ژیان و بارودۆخی خزمەتگوزاری ھاوڵاتیان.

سەرۆککۆمار ئاماژەی بە پێویستی بەردەوامبونی دیالۆگ کرد لە نێوان ھەمواندا بۆ گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشە ھەڵپەسێردراوەکان بەتایبەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ماڵەکانیان و جەختی لەوە کردەوە کە سەردانی مەیدانی لەلایەن لیژنەی سەرۆکایەتی کۆمارەوە بەردەوامە بۆ بەدواداچونی بارودۆخی ئاوارەکان و بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیە مرۆییە گرنگەدا.

سەرۆککۆمار راشیگەیاند، سەقامگیری ئەمنی گرنگییەکی زۆری ھەیە جگە لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و بەردەوامبون لە پرۆسەی بونیادنانەوە و چاککردنەوەی ژێرخانی ئابوری و دەستپێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و دروستکردنی خانوبەرەی نیشتەجێبون بۆ ئاوارەکان پێش ئەوەی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، ھاوکات ئاماژەشی بەوەدا کە شاری شەنگال دوچاری توندوتیژی و تیرۆر بوەتەوە کەڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر زۆربەی بوارەکانی ژیانی ئابوری و خزمەتگوزاری ھەبوە.

لەلای خۆیانەوە ئەندامانی وەفدەكە ڕونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە مەینەتی و بەربەستەکانی گەڕانەوەیان بۆ ماڵ و شارەکانیان لە ڕوی خزمەتگوزارییەوە و چالاککردنی سندوقی ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و خەرجکردنی قەرەبو بۆ زیانی بەرکەوتوان و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبونی گونجاو بۆ گەڕانەوەیان و چالاککردنی رۆڵی ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لەم بوارەدا پێشکەش کرد.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×