لیستی موچە و راپۆرتی تەرازوی پێداچونەوە ره‌وانه‌ی به‌غدا كرا
  2026-07-22       140       

وەزارەتی دارایی و ئابوری رایگه‌یاند، لیستی موچەی مانگی تەموز و راپۆرتی تەرازوی پێداچونەوە ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.

ئاوێنە: راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری بڵاویكرده‌وه‌، ئەمڕۆ چوارشەممە لیستی موچەی مانگی تەموزی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.      
  
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، لەسەر راسپاردەی وەزیری دارایی ناوی 981 فەرمانبەری گرێبەست کە تەمەنیان لە 60 ساڵە تێپەریبو داخڵی لیستی موچە کرانەوەو تاوه‌كو کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبن لە خزمەتکردن.

تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان مانگانه‌ لیستی موچە و ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوەی مانگی پێش خۆی رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی داراییی حکوومەتی فیدراڵی ده‌كات.

له‌دوای ناردنی لیستی موچه‌ بڕیاره‌ له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا پاره‌ی موچه‌ی موچه‌خۆران له‌ به‌غداوه‌ بگات و ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ بكرێت له‌ هه‌رێمی كوردستان.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حکومەتی فیدراڵی له‌ ساڵی رابردوه‌وه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مانگانه‌ دوای ئه‌وه‌ی دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان راده‌ستی به‌غدا كرا، هاوكات هه‌رێمی كوردستان مانگانه‌ 50%ی داهاتی نانه‌وتی ده‌داته‌ به‌غدا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×