ئەردۆغان دەڵێت: نەتەنیاهۆ چیتر كەسێك نییە بتوانین قسەی لەگەڵ بكەین
  2023-11-04       283       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە بەرپرسی یەكەمی هێرشەكانی سەر غەززە دەزانێت و دەشڵێت: "نەتەنیاهۆ چیتر كەسێك نییە، بتوانین بەهیچ شێوەیەك قسەی لەگەڵ بكەین، سڕیومانەتەوەو وەلامان ناوە."

ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، ئەمڕۆ شەممە، لە لێدوانێكدا وتیشی، گوشار دەكەین لەپێناو ئاگربەست لە غەززە.

بەبڕوای ئەردۆغان "بەرپرسی یەكەم لە هێرشەكانی سەر غەززە شەخسی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلە."

وتیشی"نەتەنیاهۆ كەسێكە گەلی ئیسرائیلیشی توڕە كردوە...پشتیوانی هاوڵاتیانی وڵاتەكەی نەماوەو هەوڵدەدات لەڕێگەی بەكارهێنانی دەستەواژە ئایینییەكانەوە، پشتیوانی بۆ كۆمەڵكوژییەكان كۆبكاتەوە."

ئەردۆغان وتیشی"پشتیوانی لەو دەستپێشخەرییانە دەكەین كە سەقامگیری و ئاشتی بۆ ناوچەكە دەهێنن. پشتیوانی ئەو پلانانە ناكەین كە ژیانی فەلەستینییەكان دەكەنە ئامانج و هەوڵی سڕینەوەیان دەدەن."

سەرۆك كۆماری توركیا ئاماژەی بەوەشدا"دەبێت جیهان هاواری منداڵانی فەلەستین ببیستێت...ئیسرائیل كە هەوڵدەدات بەئەنقەست سیستمی تەندروستی لە غەززە وێران ببێت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش كە چاوی داخستوە لەبەرامبەر ستەم، هاوڵاتیان و نەخۆشخان و منداڵانیان لە غەززە جێهێشتون بۆ مردن."

بەبڕوای ئەردۆغان، یەكێتی ئەوروپا لەپەیوەست بە هێرشەكانی ئیسرائیلەوە لەم ماوەیەدا رۆڵێكی "زۆر سەیرو ناساز"ی گێڕاوەو "رێبازێگی دادپەروەرانەی نەگرتۆتەبەر."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×