کڵچدارئۆغڵو بۆ دەمیرتاش: سڵاو ئەی قارەمانانی دیموکراسی
  2023-11-04       772       
سەڵاحەدین دەمیرتاش، کەمال کڵچدارئۆغڵو

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری -جەهەپە- سەڵاحەدین دەمیرتاش بەقارەمانی دیموکراسی وەسف دەکات‌و ده‌ڵێت، "تورکیا بەکردەیی بووەتە نیمچە گرتوخانە."

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ شەممە، كاره‌كانی‌ یەکەمین رۆژی 38مین کۆنگرەی جەهەپەیە به‌ڕێوه‌چو، تێیدا کڵچدارئۆغڵو وتارێكی‌ پێشكه‌شكردو رەخنەی توندی لەدەسەڵات‌و حکومەتی تورکیا گرت‌و وتی، "تورکیا بەکردەیی بووەتە نیمچە گرتوخانەیەک. رۆژنامەنوسان ناتوانن کاری خۆیان بکەن."

وتیشی‌، "لەکۆنگرەمانەوە سڵاو بۆ تۆڵگا شاردان، جان ئاتاڵای، عوسمان کاڤاڵا، سەڵاحەدین دەمیرتاش، تایفون کاهرامان، چیدەم ماتەر، مینە ئۆزئەردەن، هاکان ئاڵتنئای و باڕش پەهلیڤان دەنێرین کە ئێستا لەگرتوخانەدان. سڵاو لەئێوە بێت، ئەی قارەمانانی دیموکراسی."
 
کڵچدارئۆغڵو لەکاتی خوێندنەوەی ناوەکاندا بەتایبەت کاتێک گەیشتە ناوی سەڵاحەدین دەمیرتاش، دەنگی چەپڵەی ئامادەبووان بەرزبووەوەو هۆڵەکە جۆش و خرۆشی زیاتری لێ بینرا. 

لە 38مین کۆنگرەی جەهەپەدا هەریەکە لەکەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتەکەو ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکە كاندید بون بۆ پۆستی سەرۆکی گشتیی پارتەکە.  بەهەمانشێوە ئۆزگور ئۆزەل سڵاوی بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش، سەلچوک مزراکڵی و ژمارەیەک دەستگیرکراو، قەییومکراو و زیندانیکراوان نارد. 

سەڵاحەدین دەمیرتاش لەرۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2016ـوە لەگرتوخانەی ئەدێرنە بەندکراوە. هەروەها عوسمان کاڤاڵای بزنسمان و چالاکڤانی تورک بەتۆمەتی ''ھاندان بۆ ئاژاوەگێڕی و دژایەتیکردنی دەسەڵات و سپۆنسەرکردنی خۆپیشاندەرانی روداوەکانی پارکی گەزی'' دەستبەسەرکراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×