وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم: بەغدا زوڵم لە فەرمانبەرانی هەرێم دەكات
  2023-11-27       541       

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەرێمی كوردستان هەمو داتایەكی لەبارەی فەرمانبەرانەوە پێشكەش بە عێراق كردوەو ئەوەشی عێراق دەیكات، لە گوشاری سیاسی گەورەترەو "زوڵمێكە" لە فەرمانبەرانی هەرێمی دەكات. دەشڵێت، دەرفەتێك لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی لە سەرەتای ساڵی ئایندەوە یاسای بودجە هەموار بكرێتەوەو لێكتێگەیشتنی باش هەیە.

ئاوێنە: دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، لەبارەی سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغداو پەیوەندییەكانی نێوان بەغداو هەولێر بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند"ئەوەی كە ئێستا دەگوزەرێت هیچی ئەوە نییە كە رێككەوتنی لەسەر كراوە، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە موچە، چونكە وڵات تەنانەت ئەگەر یاسای بودجەیشی نەبێت، كە چەند ساڵێكیش وا بوە لە عێراق و یاسای بودجە نەبوە، بەڵام موچەی هیچ فەرمانبەرو موچەخۆرێك رانەگیراوە."

وتیشی"بەداخەوە ئەوەی ئێستا دەكرێت، زۆر لە گوشاری سیاسی گەورەترە، بەڵكو زوڵمێكە لە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، چونكە هەر داتاو شتێك كەوا پێویست بوبێت بۆ ئەوەی دڵنیایی بە حكومەتی فیدراڵی بدرێت لەسەر راستی و دروستی ژمارەی فەرمانبەران و دەوام و پلەو پۆستیان، هەموی پێشكەشكراوە، ئیتر هیچ بیانویەك نەماوەتەوە."

دڵشاد شەهاب لەگەڵ ئەوەش وتی"دەرفەتێك لەبەردەمدایە كەوا حكومەت بۆی هەیە لەسەرەتای ساڵی ئایندەوە پڕۆژەیەك پێشكەش بە پەرلەمان بكات بۆ هەمواركردنی یاسای بودجە، چونكە لە یاسای بودجە كە بۆ سێ ساڵ دانراوە، ئەوەی تێدایە كە حكومەت بۆی هەیە لەسەرەتای هەر ساڵێك پێداچونەوە بكات بە یاساكەدا. تا ئەم ساتە لێكتێگەیشتنێكی باش هەیەو گفتوگۆكانیش بە باشی بەڕێوەدەچن."

هەروەها ئەوەشی خستەڕو"بەڵام دڵنیام هاوڵاتیانیش لە دوبارەكردنەوەی ئەو لێدوانانەی كەوا بەرەوپێشچون هەیە، ماندوبون، ئەوەش مافی خۆیانە. بۆیە چاوەڕێ دەكەین بۆ دواجار ئەم بابەتە كۆتایی بێت، بەتایبەتی ئەو بەشەی كە پەیوەستە بە موچەی موچەخۆرانەوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×