"بەغدا رازی بوە سێ قەرزی دیكەی 700 ملیار دیناری بۆ موچە بداتە هەرێم"
  2023-11-27       922       

میدیای رەسمی یەكێتی لەزای سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دانوستانەكان، بەغدا رازی بوە سێ قەرزی دیكە بە بڕی 700 ملیار دینار بۆ موچە بداتە هەرێمی كوردستان.

ئاوێنە: میدیای رەسمی یەكێتی، كەمێك لەمەوبەر لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی نێوان بەغداو هەریمەوە، وتی"وەفدی ھەرێم نزیکە لە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، حکومەتی ناوەند سێ قەرزی دیکە بە بڕی 700 ملیار دینار رەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکات."

ئاماژە بەوەشدراوە، "ناردنی ئەو سێ قەرزە بۆ موچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ی فەرمانبەرانی ھەرێمە و لە دوای سەری ساڵەوە رێککەوتنی نوێ دەکرێت بۆ دابینکردنی موچە."

ئەمڕۆ دوشەممە، وەفدێكی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم سەردانی بەغدای كردو پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستیان بەكۆبونەوە كردو كەمێك لەوبەر كۆبونەوەكە كۆتایی هات و وەفدی هەرێم دەستیان بە كۆبونەوە لەگەڵ وەفدی تەكنیكی حكومەتی عێراق كرد.

پێشتر وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاندبو، پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای بودجەو پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگرنگترین تەوەرەکانی کۆبونەوەی وەفدەكەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ سودانی، دەبن.

وەفدەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەمڕۆ دوشەممە بەرەو بەغدا بەڕێكەوت، لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیرانی دارایی هەرێمی كوردستانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و هەریەكە لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون و خالید هادی چاوشلی، ڕاوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیران، ئەندامی وەفدەكەن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×