بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق: لە 1ی 12ەوە بەرمیلێك نەوت بە 50 هەزار دینار لە هەرێم دابەش دەكرێت
  2023-11-27       651       
عیزەت سابیر، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق

عیزەت سابیر، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، حكومەتی عێراق رەزامەندی داوە كە لە 1ی 12ی ئەمساڵەوە بەرمیلێك نەوتی سپی لەبری 100 هەزار دینار، بە 50 هەزار دینار بدرێتە ماڵان لە هەرێمی كوردستان. دەشڵێت، بەڵێن دەدەین لە داهاتویەكی نزیكدا نرخی بەنزینیش لە هەرێمی كوردستان هەرزان بكەین.

ئاوێنە: عیزەت سابیر، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە لێدوانێكدا بە میدیای رەسمی یەكێتی راگەیاند"لە سێ هەفتەی رابردودا هەوڵێكی زۆرمان دا لەگەڵ بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاری دابەشكردن و لەگەڵ جەنابی وەزیری نەوت قسەمان كرد، خۆشبەختانە داواكەی پەسەندكردین كە پێمان راگەیاند نابێ بەرمیلێك نەوت لە بەغداو بەسرە بە 30 هەزار دینار بدرێتە هاوڵاتیان و لە كوردستان بە 100 هەزار دینار بێت."

عیزەت سابیر وتیشی، وەزیری نەوت پشتیوانی راكەی كردین و پێشنیاری خۆی بەرزكردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە ئەنجومەنی باڵای ئابوریی حكومەتی عێراق، پێشنیارەكە پەسەندكرا، لە دو رۆژی داهاتوش سەرۆك وەزیرانی عێراق ئیمزای دەكات.

بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق وتیشی، دەمەوێت وەك مژدەیەك ئەوە بە هەمو خەڵكی كوردستان رابگەیەنم كە لە 1ی 12ی ئەمساڵەوە بەرمیلێك نەوتی سپی بۆ ماڵان لە جیاتی بە 100 هەزار دینار دابەش بكرێت، بە 50 هەزار دینار دابەش دەكرێت.

عیزەت سابیر جەختیشی كردەوە، لە هەوڵی بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی نرخی بەنزین و گازیش لە هەرێمی كوردستان هەرزان ببێت، چونكە عێراق یەك عێراقە، ناكرێت لیترێك بەنزین لە بەغدا بە 450 دینار بێت لە هەولێر و سلێمانی بە 750 و بە 850 دینار بێت. بەڵێن دەدەین نرخی بەنزینیش هەرزان بكەین لە داهاتویەكی نزیكدا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×