سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا، باس لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نەكراوە.
ئاوێنە: سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆتایی هات و لە كۆبونەوەكەدا باس لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و ناردنی قەرز بۆ سێ مانگی دیكەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم نەكراوە.
دوێنێ وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە گەڕایەوە بەغداو لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەموارکردنەوەی یاسای بودجەو پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان كۆبونەوەو پاشان دەستیان بە كۆبونەوە لەگەڵ وەفدی تەكنیكی حكومەتی عێراق كرد.
بەگوێرەی زانیارییەكان لەو كۆبونەوانەدا وەفدی هەرێم داوای ناردنی سێ بڕە قەرزی دیكەی 700 ملیار دیناری بۆ موچەی سێ مانگی دیكەی موچەخۆرانی هەرێم كردوەو حكومەتی عێراق رەزامەندی داوە لەسەر ئەوەی كە ئەو پرسە ببەنە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.
بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، هێشتا كات لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیراندا ماوە بۆ ئەوەی بڕیار لە بارەی ناردنی پارەی دیكە بە قەرز بۆ موچە بدات، بەو پێیەی هێشتا دوایین 700 ملیار دینار كە پێشتر لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاری لێدرابو، رەوانەی هەرێمی كوردستان نەكراوە.