یوسف محەمەد: بەیاننامەكەی گۆڕان تەنها تەعبیر لە رای نوسەرەکەی ئەکا
  2020-11-30       1186       

یوسف محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق پشتیوانی خۆی بۆ ئەو پەرلەمانتارانی ئەمڕۆی كوردستان راگەیاند كە "بە تەپڵ كوتین و هاواركردن پێداگرییان لەسەر باسكردنی كێشەی ژیانی خەڵكی هەژار" كرد و دەشڵیت: ئەو بەیاننامەیەی ئەمشەو بەناوی گۆڕانەوە دەرکراوە تەنها تەعبیر لە نوسەرەکەی ئەکات نەک جەماوەری گۆڕان کە پەرلەمانتارانی نوێنەرایەتی دەکەن.

ئاوێنە: ئەمشەو دوشەممە بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێكدا وتی: هەڵوێستی رەسمیان لەلایەن بزوتنەوەكەوە بڵاودەكرێتەوەو هەمو لێدوانی بەرپرسانی حزبی و حكومی و پەرلەمانتارەكانیان بۆ میدیاكان، گوزارشت لە رای رەسمی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات.

یوسف محەمەد، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"كەمترین ئەرکمان ئەمڕۆ پشتیوانی و دەستخۆشییە بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی کوردستان کە بە تەپڵ کوتین و هاوارکردن و پێداگرییان بۆ باسکردنی کێشەی ژیانی خەڵکی هەژار و بە گواستنەوەی وێنەی ناڕەزایەتییەکانیان «سێلفی گرتن!»، زیندویەتییان گەڕاندەوە ناو هۆڵی پەرلەمان و، هیوادارین لەسەر ئەم رێچکەیە بەردەوام بن"

وتوشیەتی"تەنانەت گوێ بەو بەیاننامانەش نەدەن کە هەندێ بەرپرسی حیزبی لەژێر فشاری پارتی دەریدەکەن وەک ئەو بەیاننامەیەی ئەمشەو بەناوی گۆڕانەوە دەرکراوە و تەنها تەعبیر لە نوسەرەکەی ئەکات نەک جەماوەری گۆڕان کە پەرلەمانتارانی نوێنەرایەتیی دەکەن."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان ڕویدا، ئامانجەکەی لای هەر پەرلەمانتارێک هەرچییەک بێ، گواستنەوەی خەم و ئازار و کێشە رۆژانەییەکانی خەڵکی کوردستان بو بەڕوی دەسەڵاتی ئەمری واقعی هەرێم کە زۆر نابەرپرسیارانەو بێباکانە گوێی خۆی لە ئاست بێ موچەیی و بژێویی سەختی هاونیشتیمانییان خەواندوە."

بەبڕوای سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان "گەر زیندویەتی بۆ پەرلەمانی کوردستان بگەڕێتەوە بە دڵنیاییەوە فشاری جدی لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم دروست دەبێ بۆ چارەسەری کێشەی بژێوی و ژیانی هاوڵاتییان."

وتوشیەتی"ئەرکی دەسەڵاتە بچێتە بەردەم پەرلەمان و ئەوەی ناوی لێنراوە «رێکەوتنی پەنجا ساڵە» لەگەڵ تورکیا بۆ پەرلەمانتاران و خەڵک ئاشکرابکات. پێویستە ئیتر داهاتی راستەقینەی نەوت و گاز بۆ خەڵک ئاشکرا بکرێ نەک مانگانە بە گۆترەکاری نرخی نەوت هەرچەندێک بێت، بڕێک پارە بەناوی داهاتی فرۆشی نەوتەوە بهێنرێتە خەزێنەی گشتی. پێویستە سەرجەم داهاتەکانی تری هەرێم بۆ خەزێنەی گشتی کۆبکرێنەوە و کۆتایی بە قاچاخچییەتی و گەندەڵی بهێنرێت. کاتییەتی لەسەر بنەمایەکی رون و شەفاف، هەرێم لەگەڵ بەغدا، رێکەوتنی دورمەودا و بەردەوام لەبواری نەوت و گاز و داهاتەکانی تر لەگەڵ بەغدا ئەنجام بدات."

جەختیشی كردۆتەوە"ئەم داروپەردوە ڕزیوە گەر وا بەردەوام بێ، ڕۆژێک دادێ پێش هەر کەسێک بەسەر دەسەڵاتدارانی بێباکی هەرێم دا دادەڕوخێ."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×