کتێبی "میر" ی میکیاڤیلی‌و جێبونەوەی لەسیاسەتدا

د. رزگار ئاغا
  2019-04-12     603
(١)  سەرەتایەک
نیکوڵا میکیاڤیلی لەدایکبووی فلۆرەنسە - ئیتالیا یە لە ١٤٦٩ دا. زیاتر لە ٢٠جار پلە و پێگەی بەرزی دیبپلۆماسی باڵیۆزخانەی بینیوە و بووە بە ڕاوێژکاری دووەمی کۆماری فلۆرەنسە و سەرپەرشتی کاروباری سەربازی و دەرەوەی کردووە. 
میکیاڤیلی یەکێک بووە لە پێشەنگەکانی بیرمەندانی سەردەمی ڕێنیسانس کە زۆرترین کاریگەریی هەیە لەسەر جیهانی نوێی دوای سەدەکانی ناوەڕاست و بەتایبەتی کە هەولە سیاسیەکانی لە بەزاندنی هزری ئاینی کەنیسە و لاهوتدا چڕکردبووەوە.
میکیاڤیلی لە ئەنجامی قڵپبوونەوە و تێکچوونی باری سیاسی فلۆرەنسە تووشی گرتن و دوورخستنەوە بوو.
(٢) پاشخانی نووسینی "میر"
لە ئەوروپادا, کتێبەکانی ئەرستۆ لە بارەی پێشبینی و ئەزموونەکانی لە چەمكەكانی دەسەلاتداریەوە جێی خۆی گرتبوو بە درێژایی چەندین سەدە. کە دیارترینیان بریتی بوو لە " قەشە تۆما ئەکوینی" کە بریتی بوو لە سازان لە نێوان مەسیحیەت و فەلسەفەدا. لەم کتێبەدا ئەرستۆ نموونەییترین دەسەڵاتی کۆمەڵی سیاسی لای ئەوەیەکە لەناو چینی ناوەندی کۆمەلەوە پەیدا ئەبێت و بەسەر هەردوو چینە ئۆرۆستۆکرات و هەژارەکەدا زالتر و سەرکەوتووتر ئەبێت. دیارە ئەم پێشبینیە نەهاتە دی هەتا پەیدابوونی دیمورکراسی لە سەدەی بیستەمدا کە چینی ناوەراست توانیان لە زۆرترین وڵاتە ئەوروپاییەکاندا لە رێی پرۆسەی دیموکراسی هەلبژاردنەوە بگەنە پایەکانی دەسەڵات و وەک لە نووسینێکمدا ئاماژەم پێداوە کە لە بەریتانیادا ئەم هزرە هاتە جێبەجێکردن کە شاژنە ڤکتۆریا وازی لە دەسەلاتە رەها و زەبەندەکانی هێنا بۆ گەل کە چینەکانی خوارەوەبن هەتا بۆ خۆیان نوێ،ەرانیان هەڵبژێرن بۆ حوکمڕانی.
بەڵام لەو سەردەمەوە وەک فەلسەفەیەک و دارشتنی تیۆریەک بۆ بەدواداچوون و تێرامان لە فەلسەفەی ئەرستۆ لەلای میکیاڤیلی گەڵاڵە بوو کە ئەوکاتە فەرمانبەرێکی خانەنشین بوو لە کتێبێکدا بە ناوی "میر" لە ساڵی ١٥١٣ دا. کتێبەکەی پێشکەش بە میری شایستەی خۆی لۆرۆنزۆ کرد.
ئەم کتێبەی بە پێشەکیەک دەستپێکردووە کە گێڕانەوەی ئەزموون و بیردۆزە سیاسیەکانی ئەچوێنێت بەو نیگارکێشانەی کە وێنەی سروشت ئەکێشن و دائەبەزنە ناو شیو و دۆڵەکان بۆ وێنەکێشانی شاخەکان و بۆ بەرزایی شاخەکانیش سەرئەکەون بۆ وێنەکێشانی شیو و دۆڵەکان. بۆیە پێی وایە زۆر پێویستە ئەگەر بتەوێت میر بیت ئەبێت سروشتی گەلەکەت بزانیت و ئەبێت ببیتە یەکێک لە تاکەکانی گەلیش هەتا راستیەکانی پەیوەند بە میرەکان بزانیت.
ئەم کتێبە لای زۆرێک لە سەرکردەی دەولەتان و سیاسەتمەدار و ناوەندە ئەکادیمی و خوێنەوارەکان بووە بیردۆزەیەک و بەناوی میکاڤیلیایی یەوە ناوزەد کرا لە رەفتار و تێز و ئاماژە و لێکدانەوە سیاسیەکانی رۆژگارەکاندا. ئەم کتیبە و خاوەنەکەی زیاد لە پێویست کەوتنە بەر تانە و تەشەرێکی زۆری فەزای سیاسی و رۆشنبیری و کۆمەلایەتی کە بە مایە و سەرچاوەی زۆربەی شەر و بشێوی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و خراپی دەوڵەتمەدارەکان و سەرکردە سەربازی و سیاسیەکان دانرا.
میکیاڤیلی لە ڕێی کتێبی "میر" ەوە بوو بە خالی گۆرانکاری راستەقینە لە مێژووی هزری سیاسی جیهانیدا.
(٣) پێناسە بۆ میکیاڤیلیایی
زۆربەی فەرهەنگ و ئینسایکلۆپیدیاکان پێناسەی (میکیاڤیلیایی)یان بەوە کردووە:  ئەو بیردۆزە سیاسیە یە کە میکیاڤیلی دایناوە. وە بەتایبەتی, ئەو دیدەیە کە سیاسەت بە نا رەوشتی دائەنێـت, وە هەر ئامڕازێک تەنانەت بۆش بێت لە هەموو بیروباوەڕێکشیش ئەتوانرێت بڕوبیانووی شەرعەیەتدانی بۆ بدۆزرێتەوە و بەکاربهێنرێت لە پێناوی هێنانەدی دەسەڵاتی سیاسیدا.
بەڵام ووردتر ڕۆچینە ناو کتیی میر بە تایبەت, تێئەگەین کە میکیاڤیلی سیاسەت بە بێ رەوشتانە ئەبینێت, بەڵام لە هەمان کاتدا نەک هیچ رەوشتیشی نەبێت.لە دیدی ئەوەوە, سیاسەت هونەری دامەزراندنی دەولەتێکی تۆکمەیە کە بتوانێت مسۆگەریی ئاسایشی هاولاتیەکانی بکات لە ناوەوە و لە دەرەوەیدا لە سنووری یاسادا. وە لەو کاتەی کە هاولاتیەک نەتوانێت هەست بە ئەمان و ئاسایش بکات بەبێ ئەوەی ئازادیە بنچینیەییەکانی هەبێت, لەو سیاسەتەی کە میکاڤیلی باسی لێوە ئەکات مەبەست لەوە نیە کە یاخیبوونی لێ پەیدا ببێت. لە سیاسەتی میکاڤیلیایی, هەموو تاکێک لە دەسەڵات یان هاولاتی سەرپشکە کە رەوشتی هەبێـت یان رەوشتی نەبێت. لە راستیدا, میکاڤیلیایی هەموو پێناسەیەکی رەوشت لە دەولەت ئەسەنێـتەوە بۆ هەرچیەک لەدەری یاسا و ڕێنماییەکانیدا بێت. میکاڤیلیایی سیاسەت وەک ئامرازێکی براگماتیکییانەی بێلایەنانە سەیر ئەکات بۆ ڕێکخستنی کاروباری خەڵک بەو شێوەیەی کە خزمەتی زۆرترین بکات. وە سەرباری ئەوەی سیاسەت و رەوشت دوو بواری جیاوازن لە بیردۆزەی میکاڤیلیدا, بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێـت کە سییاسەت نابێت ملکەچی رەخنەی رەوشتانە بێت وەک هەموو لایەنێکی تری چالاکی مرۆیی. لە راستیدا, تۆماس براون یاسای ئایینداری ئینگلیزی لە سەدەی هەژدەدا بە جورئەتەوە وتی کتیی(میر) زانستی رەوشتی سیاسی دامەزراندووە وا ئەکات هەموو دادوەر و دەسەلاتدارێک هەمیشە پابەندی یاسا رەوشتیەکان بێـت لە پیشەکەیدا.
میکاڤیلیایی دەسەڵاتداریی بە زانست سەیر ئەکات, بە بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەکی زەقی هەبێت بۆ ئەم تێروانینە, بۆیە بە بنەمای چەمکی نوێی سیاسەت دانرا وەک زانستێک نەک هونەریک. بەم پێیە بووە یاسای بنچینەیی سیاسەت, وەک بنەمای زانستی نەک رەوشت یان نا رەوشتی. بۆ نموونە, لە یاسای کێشی زەویدا ئەگەر ستەمکارێک لە پەنجەرەی بینایەکی بەرزەوە بخەیتە خوارەوە ئەوا هێزی کێشیكردنی زەوی بەهەمان شێوە ئەیدا بەزەویدا وەک کەسێکی بێ تاوانی گوناح. ئەرکی سەرەکی (میر) بریتیە لە مسۆگەری پاراستنی دەولەت و پاراستنی یاسا و سیسەتمی پێویست لە ناو دەوڵەتدا هەتا خەڵکەکەی بە تەبایی و بە دلنیاییەوە بژین. چونکە پشیوێی و گرژیی ناو وڵات دوژمنی سەرەکی دەولەتداریە, هەمیشە دەسەلاتدارێکی خراپ کە تەبایی و ئاسایش و دلنیایی و سەقامگیری بپارێزێت و مسۆگەر بکات باشترە لە دەسەڵاتدارێکی باش کە دەولەتی بۆ سەقامگیر نەبێت و پشێوی پێ کۆنترۆڵ نەکرێت, بۆیە لەم باسەدا ئەڵێت" پێویستە میر لە کاتی پێویستبووندا چاکخواز بێت"
(٤) "میر"هەڵوێستەی لەسەر مرۆڤ و گەل 
میکیاڤیلی ئەم کتێبەی لە بارودۆخێکدا نووسیوە کە بە رۆژگارێکی ناهەموواری دەربەدەری و دوورخستنەوەی زۆرەملێی و لادانی لە دەسەڵات و پێگە هەستیارە سیاسیەکان بووە. لە ژیانیدا زۆر لە گرژی و پەشێوی و ململانێ و دژایەتی سیاسی چەشتووە و بەتایبەتی لە زۆرداریی و کەلەرەقی ناحەزەکانی کەنیسەوە. بۆیە کاریگەریی ئەم هەموو فشارە دەروونی و جەستەییانە باڵی کێشابوو بەسەر زۆربەی بۆچوونەکانی کتێبی"میر" دا و بوونە بیردۆزە و بە ووردەکاریەکانیدا ڕۆچوو هەتا بە یەک گورزەیی بوونە رێسای دەسەلاتداریی.
لە "میر" دا پانتاییەکی گەورە هەیە لە باسی سروشتی مرۆف و بیروباوەر و پەرۆشی و لاوازیەکانی مرۆڤ کە مەبەستی لە هاوڵاتی ئاساییە, جەخت لەسەر سروشتە پراگماتیکەکەی مرۆڤ ئەکات کەلە زۆربەیتدا کە باڵادەستترە لە لایەنە سۆزداری و سیفەتە مرۆییەکانی.
بۆ نموونە لە یەکێک لە وتەکانیدا لەبارەی مرۆفەوە ئەڵێت: مرۆف زۆر لای ساناترە کە مردنی باوکی بیرچێتەوە هەتا لەدەستدانی میرات و موڵک و ماڵەکەی دوای باوکی.
لە "میر" دا رەنگە چەندین خالی رۆشنایی ئاشکرا ببینرێت لە بارەی گەل و گرنگیەکانی و موراعاتکردنیان, بەڵام ئەو خالە رۆشنانە بە تانوپۆیەک تەونکراوە بۆ پەیوەندی دەسەلاتی میر و گەلەکەی کە دواجار بە بەرژەوەندی میر بشکێتەوە نەک بە پێچەوانەوە. بەشێوەیەک کە بیرۆکەی بنەرەتی لای میکاڤیلی ئەوەیە کە گەل و میر پشتیوانی یەک بن لە پێناوی پارێزگاریکردن لە سەربەستی و سەروەری وڵات و دژ بە هەموو یاخیبوون و راپەرین بووە لە گەلەوە دژ بە میرەکانیان. ئەمەش لەو هەستە نەتەوەییەی میکاڤیلیەوە یەت کە هەولی بۆ دامەزراندنی دەولەتێکی نەتەوەیی داوە. هەمیشە دوژمنی لە سنووری ولاتەکەی ئەبینێتەوە لە رابردوو و داهاتووشدا, بۆیە گەل ئەو توخمە گرنگەیە لە هاوکێشە سیاسی و سەربازیەکاندا لای و پەیوەندی گەل و میر ئەو هاوکێشانە بە باری دەولەت و بەرژەوەندیەکانی یەکلا ئەکەنەوە بە هەر بارێکی سلبی و ئیجابیدا. هەمیشە دەخت لە خۆشەویستی خەلک بۆ میرەکەی ئەکاتەوە. هەتا ئەگاتە ئەوە رادەیەی کە میر فەزلی رازیکردنی گەلەکەی ئەدات بەسەر سوپا و سەربازەکانیدا لەسەر ئەو بنەمایەی کە سوپا لەناو گەلەوە دێنە خزمەتی میر. لە لایەکی ترەوە, میر ئەوە را ئەبینێت لە گەلەگەی پشتیوانی بکەن لە داگیرکردنی ولاتانی تریشدا بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکەی خۆیان.
بۆیە, لە "میر" دا گەل لە هاوکێشەی دەسەلاتدا زۆر گرنگیی هەیە و جەخت ئەکات کە ئەبێت گەل رازی بێت لە میرەکەی هەتا بە ئەمانەتەوە لە پشتی بن, بەم شێوەیە کەمترین بێزراوی و رق لە گەلەوە دژ بەمیر کەڵەکە ئەبێت.
بەڵام بە گوێرەی گەلانی داگیرکراوەوە, میکیاڤیلی پێشنیاری پلانێک ئەکات بۆ میرەکانی کە بتوانن چنگیان قایم بکەن, ئەویش ئەوەیە یان بە یەکجاری لە هەموو یاسا و حوکمداریەک دایان بماڵن و میر بچێت لەوێ لە ناویانا بژی و حوکمرانی و یاسای خۆی بسەپێنێت, یان وازیان لێ بهێنن بە یاسا و حوکمی خۆیانەوە بەڵام حوکمڕانییەکی نۆکەریان بۆ دروستبکەن کە بە ڕیوەیان بەرێت.
بیردۆزەی میکیافیلی لەو دەولەت و نەتەوەگەلانەدا زیاتر بایەخی پێدراو و پێرەوکرا کە پێویستبوونی نەتەوەیی هەمیشە رۆحی حوکمرەوانی و کەینوونەیانە وەک ئیتالیا و ئەلمانیا و ئیسپانیا و تورکیا و میسربەڵام زۆر کەم پێشوازی هەبوو لە ئینگلتەرە و فەرەنسە و ئەمریکا. چونکە دواجار بینیمان کە دەوڵەتمەدارە میکیاڤیلیاییەکان هەموو نەتەوە و رەوگەز پەرست دەرچوون وەک فاشستە ئیتالیایەکان و نازیە ئەلمانەکان و کۆماریە ئیسپانەکان, کە زیاد لە پێویست میکیاڤیلیان لە چوارچێوەی رۆژگار و شوێنی خۆی هەڵکێشا و لە فەوزایەکی بێسنووردا بەکارهینا و دەوڵەتی دیکتاتۆری تۆتالیتاریان تیا دامەزراند و بە ئاکام رووخان!
(٥) "میر" لە هزر و بەکارهێنانی میللەت و کەسایەتیەکان
کتێبی "میر" سنوورەکانی ئایدۆلۆجی تێپەراند و یەکێک وەک رۆسۆ ئەم کتێبەی بە رەشنووسی کتێبی "گرێ کۆمەلایەتیەکان " دانا.
ڤۆڵتیر و دیدرو وەها ئەبینین کە " میر" یەکەمین هەوڵی گەورەیە بۆ ڕیشەکێشکردنی پیرۆزی لە دەسەڵاتی سیاسی, بەڵام دیڤید هیوم و ئادەم سمیس بەیانێکی مرۆڤانەی سیستەمی سیاسی نوێی تیادا ئەبینینەوە. هەروەها مێژوونووسی ئینگلیزی تۆماس ماکولای لە "میر" دا پارچە نوسراوێکی گرنگی سیستەمی دەسەڵاتی کۆماری دیموکراسی دۆزیەوە, نووسیوویەتی:" میکاڤیلی بەدرێژایی ژیانی بەوە بەناوبانگ بووە کە کۆماریەکی سەرسەخت بووە.. کەم هەیە لەو نووسینانەی کە تیایدا هەست و نەست و دلگەرمیەکی دلسۆزانەی تێدابێت لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی و ئەرک و مافی هاوڵاتیان وەک ئەوەی میکاڤیلی نووسیوویەتی"
هیگڵ کتیبی "میر" بەو بانگەوازە دائەنێـ کە گرنگە بۆ دامەزراندنی دەولەتێکی بەهێز لەسەر بنەمانی یەکگرتن و تەبایی گەلەکانی ناوی. بەڵام نیتشە میکیاڤیلی وەک بەرگریکارێکی کەڵان پێشکەش ئەکات لەوکاتەی کە ئەوروپا لە چەمکی ئیمپراتۆریەتەوە بۆ چەمکی گەل لە گواستنەوەدا بوو. لە ساڵی ١٨٠٣, هیگڵ کە هەستی بە نائومێدی کرد لە هاتنەدی یەکگرتنی نیشتمانی ئەلمانی, جەختیکرد کە" دەنکی میکاڤیلی بەرەوکپبوونەوە و بێ کاریگەریی ئەچێت".
دامەزرێنەرەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەکەمیندار دەوڵەتێکیان وەک کۆمپانیایەکی هاوبەشی دەستووردار دامەزراند, سوودێکی پەندئامێزیان - ئەگەرچی کەمیش بوو – لە "میر" وەرگرت لە داڕشتنی پەیکەری حکومەت و رۆلی دامەزراوە سیاسیەکانیان.
سەرۆک باراک ئۆباما و دیکتاتۆری کۆریای باکوور کیم یۆنگ زۆر شانازی بە هەبوونی کۆپیەکی کتێبی "میر" وە ئەکەن. هەروەها بە کتێبی پر شایستە دائەنرێت لای سەرۆکی رووسی فلادیمیر بوتین و سەرۆک وەزیرانی ژاپۆنی شینزوەوە. بە درێژایی سەدەکانی رابردوو, زاراوەی میکیاڤیلیایی هاتە ناو هەموو زمانەکانی جیهانەوە وەک لە بریتیەک بۆ ماناکانی فڕوفێل و بێ مەبدەئی.

(٦)هەلبژاردە لە "میر"ەوە
میکیاڤیلی ئەڵێت:
- هەموو دەولەتێک دەسەڵات پیادەئەکات بۆ ئەوەی بەسەر گەلاندا زاڵ بێت.
- میر نابێت جگە لە جەنگ هیچ مەبەست و بیرۆکەیەکی تری هەبێت.
- میرەکان دەسەلاتە و ولاتەکانیان لە دەست ئەدەن کاتێک کە زیاتر لەوەی بە چەکەوە سەرقاڵبن خوو بدەنە خۆشڕابوێریی.
- هیچ کەسێکی چەکدار ملکەچی بێ چەکێک نابێت و هەرگیز بێ چەکەکانیش سەلامەت دەرناچن لەناو چەکداراندا.
- میری ژیر هەمیشە لە رۆگاری ئاشتیدا بەخت یاری نیە.
- هەر میرێک بە شەرەنگێزەکان دەورەدرابێت هەرگیز لە خۆشیدا نابێت.
- هەرکات مرۆڤی سەرڕیژ لەخۆشی و نیعمەتەکان کەوتە ئەوەی زیاتری چنگ نەکەوێت ئەوا ئەبێت بە هەژارێکی داخ لە دڵ وخراپترین بوونەوەر کە بە گژ هەژاریدا ئەچێت.
- پێویستە لە سەر میر کە خۆشەویست و ترسێنەریش بێت لە هەمان کاتدا.
- ئەو هاورێیەتیەی کە بتوانی بیکڕیت مسۆگەر و دلنیا نیە و ناتوانیت لە کاتی پێویستدا بۆ سوودی خۆت بەکاری بهێنیت.
- مرۆڤ وایە دوودلی کەمترە لە خراپە بەرمبەر خۆشەویستەکانی وەک لە دوودلی بەرامبەر ئەوانەی کە لێی ئەترسن.
- بەکارهێنانی ترس و تۆق لە سزادان ئەو ڕێگا درووستەیە کە هەرگیز نوشستی ناهێنێت.
- میر ئەبێت پێش هەموو شتێک واز لە دەستگرتن بەسەر موڵکی خەڵکی ترا بهێنێت.
- هەر کەس بەهۆی یارمەتی دەستوپێوەندەکانیەوە بێتە میر زیاتر تووشی کێشەی گەورە ئەبێت بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی وەک لەو کەسەی بەهۆی گەلەکەیەوە دەستی بکەوێت و ڕکابەری زۆر هەبێت لەدەوروبەرەکەدا.
- هەر میرێک گەل دایبنێت ئەوا هەرخۆی دەسەلاتدار ئەبێت و هەموو هەولی خزمەتکردنی ئەیەن.
- خەلکانێک هەن ئەزانن کە چۆن لە هەلە خۆیان لا بدەن زیاتر لەوەی کە بزانن چۆن هەلەی خەلکانی تر راستبکەنەوە.
  - میر ئەبێت ڕیوی بێت بۆ رووبەرووبوونەوەی تەڵە نراوەکان و شێر بێت بۆ ترساندنی گورگەکان.
-  میر نابێت پەیمانێک بباتە سەر کە دژی بەرژەوەندی خۆی بێت و نابێـت پەیوەست بێت بە هیچ پەیمانێکەوە کە هۆکارەکانی بەستنی بەسەر چووبن.
- حوکمدانی خەلک پابەندە بەوەی کە ئەیبینن نەک ئەوەی کە تێیئەگەن, هەموو ئەتوانین ببینین بەڵام کەم هەیە ئەو بارودۆخە تێ بکات کە تۆی تێدایت.
- ئامانج, پاساو ئەدات بە ئامراز.
- میر ئەبێت دوورکەوێتەوە لەو شتانەی کە ئەبنە مایەی بێزراوی و رقلێبوونەوە.
- ئەوەی کە میر ناشرین و دزیۆ ئەکات ئەوەیە کاتێک ستەمکارە ودەستبەشسەر مولک و ماڵی گەل یان ژنەکانیان بگرێت و ئەبێت لەمانە دوور بکەوێتەوە.
- میر زۆر ناحەز و ناشرین ئەبێـت کاتێک خەلکەکەی بە سەرکێش و ناسقامگیر و ترسنۆک و بێ ئیرادەی ببینن.
- میر ئەبێت دەستوپێوەندەکەی بەرز بنرخێنیت و نابێت بهێڵێت گەلەکەی دژایەتی بکەن.
- پرکێشی و چوونەپێشەوە زۆر باشترە لە سڵەمینەوە, بەخت ئافرەتێکە بە هێز نەبیت دەستناکەوێت.
- میری لاواز هەمیشە بێ لایەنی ئەگرێت بۆ خۆ بەدوورخستن لە مەترسیەکان, بەڵام راستیەکەی ئەمە ئەو رێگەیەیە کە ئەیان بات بەرەو رووخان.
- ئەتوانین میر و ئەقلی هەلبسەنگێنین لە رێی ئەو پیاوانەی کە دەوری داون.
- ئەگەر هەر وەزیرێک زیاتر بیری لە خۆی کردەوە وەک لەوەی بیر لە تۆ بکاتەوە و بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا بگەرێت ئەوە وەزیرێکی باش نابێت بۆی.
- خەڵک ئەوەندە گیرۆدەی ماستاوکردن و کلکەلەقێ ئەبن بەجۆرێک ناتوانن دەستبەرداری ئەم سیفەتە ببن مەگەر زۆر بە سەختی.
- میر ئەبێت هەمیشە پرسایەکی زیریەک بێت و بە جوانی گوێ شل بکات بۆ خەلکی و توورە بێـت کاتێک یەکێک راستی لێ ئەشارێتەوە.
- میر پێویستە هەمیشە راوێژ بکات کاتێک پێویستی بە راوبۆچوون هەیە نەک لەوکاتەی کە خەلکی تر ئامۆژگاری ئەو بکات و ڕاوێژی باتێ.
- میر ئەبێت کەسانی دانا هەلبژێڕێت بۆ ئامۆژگاری و سەربەستی تەواویان بداتێ بۆ گفتۆگۆکردن و تەنها لەوکاتانەی کە پرسیاریان لێ ئەکات نەک قسە بکەن لەهەموو بارەیەکەوە.


د. رزگار ئاغا
دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×